سه‌رانى کورد هێنده‌ له‌ خه‌مى یه‌کخستنه‌وه‌ى نه‌یاراندان نیو ئه‌وه‌ندى په‌رۆشى یه‌کخستنه‌وه‌ى خۆیان نین

فاتیح سه‌لام:

پاش ئه‌وه‌نده‌ ساڵ له‌ ئازادى و حوکمرانى و پێکهێنان و دروستکردنى پێگه‌ى ده‌سه‌لاَت وپێکه‌وه‌نانى قه‌باره‌یه‌ک له‌م به‌شه‌ى کوردستانى باشوور، که‌ هه‌مووان پێى دڵخۆش و سه‌رفرازین ( به‌ته‌واوى که‌م وکورتى و پۆخڵه‌واته‌کانیشیه‌وه‌) ئێستا لاى هه‌ر تاکێکى هوشیار ئاسۆى مه‌ترسییه‌کان بۆ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان و تۆخبوونه‌وه‌ى پیلان و هه‌وڵدانى چرى ژێر به‌ ژێر بۆ نه‌ک که‌م کردنه‌وه‌و سنووردارکردنى ده‌ده‌رێت به‌ڵکو خه‌ونى له‌باربردن و له‌ گۆرنانیشى ده‌ردێت . یه‌ک له‌ فاکته‌ره‌ بنچینه‌ییه‌کانى ئه‌م غه‌فڵه‌ته‌ش نه‌رم ونیانى سه‌رکردایه‌تى کورده‌ له‌ سیاسه‌تکردنێکى میانره‌وانه‌ى داته‌پیووى مۆدێل به‌سه‌ر چووى له‌رزۆک و لاوازى ئه‌وتۆ که‌ نه‌یاران له‌ په‌نایدا به‌هێز ده‌بن و سۆزدارێیه‌تییه‌که‌ى قۆرخ ده‌که‌ن .

هه‌موو ده‌زانین عێراقى سه‌ر له‌به‌ر هه‌ڵوه‌شاوه‌ى دواى سه‌دام به‌ بیرى کورد و به‌ ده‌ستى کورد و به‌ هێزى کورد بووه‌ ئه‌و وولاَته‌ى که‌ ئێستا نه‌ک ئاماده‌ نییه‌ پابه‌ندى ده‌ستووره‌که‌ى بێت ، به‌ڵکو باوه‌ریشى پێى نییه‌ و ته‌نانه‌ش ئه‌و مادده‌ و برگانه‌شى که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى کورد وخۆش گوزه‌رانى گه‌لى کوردستانیشدان هه‌وڵى به‌ قه‌ولى خۆیان راستکردنه‌وه‌و هه‌موارکردنه‌وه‌ى ده‌ده‌ن تا چیدى کورد بیانوویه‌کى ئه‌تۆى به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌بێت پێداگرى له‌سه‌ر مافه‌ چاره‌نووس سازه‌کانى خۆى بکات .ئه‌وه‌ چ گاڵته‌جارى وکات کوشتنێکه‌ هه‌شت ساڵه‌ سه‌رکردایه‌تى کورد و میلله‌ته‌که‌ى داواى جێبه‌جىَ کردن مادده‌ى ( ١٤٠) ده‌که‌ن و هه‌ره‌شه‌ و گوره‌شه‌ و لێدوانى ئاگرین و عه‌رزى عه‌زه‌لاَت زیاتر له‌ بڵقێکى سه‌رئاو که‌متر ره‌واجى نه‌بووه‌ و نابێت ، حکومه‌تى ئیتیحادى فیدراڵیش ( که‌ته‌نها کوردیشه‌ ئه‌م ده‌سته‌ واژه‌یه‌ به‌کاردێنێت) نه‌ک له‌ خه‌میدا نییه‌ ته‌نانه‌ت سه‌رۆک کۆماریش که‌ کورده‌ به‌ که‌م ته‌رخه‌م ده‌زانێت له‌ ئاست ئه‌م پرسه‌دا و مه‌خابن مه‌کته‌بى سه‌رۆک کۆماریش وه‌لاَمى دروست و پوختى بۆ نه‌بووه‌ خۆى لێکردۆته‌ که‌ڕه‌ى شه‌ربه‌ت و له‌ خه‌مى بارگرژى و یه‌کخستنه‌وه‌ى سوننه‌ و شیعه‌ و په‌رۆشى بۆ یه‌کپارچه‌یى خاکى عێراقى عه‌ره‌بى نایپه‌رژێته‌ سه‌ر ئه‌م پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌ . ئه‌وه‌ عێراقه‌ شه‌ق و شره‌که‌ى دواى سه‌دامه‌ هێزى پرچه‌ک و جبه‌خانه‌ى ئۆپه‌راسیۆنى دیجله‌ ره‌وانه‌ى که‌رکوکى کوردان و دیاله‌ى کوردنشین ده‌کات تا ته‌ک به‌ هێزه‌کانى ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ هه‌ڵچنىَ و وه‌ده‌ریان نێت و وورده‌ وورده‌ش به‌ پێى ئه‌و پلانه‌ نه‌گریسه‌ى دایانرشتووه‌ پێگه‌ى کورد لاواز بکه‌ن و بووه‌ستێنن و زه‌برى کوشنده‌ى خۆیان له‌ سایه‌ى پرته‌وازه‌یى کورد و نه‌بوونى خیتابى یه‌کگرتووى سیاسى و ململانىَ به‌رژوه‌ندخوازه‌کانى بازرگانانه‌وه‌ بقۆزنه‌وه‌ ،که‌ به‌دڵنیایشه‌وه‌ ئه‌و نه‌خشه‌ نه‌گریسه‌ گاریگه‌رى ئه‌رێنى ده‌بێت و باجه‌که‌شى ته‌نها ئه‌و میلله‌ته‌ داماوه‌ى بن ده‌سه‌لاَتى مالیکى ده‌یدات . ئه‌وه‌ چ شه‌رمه‌زارى و ریسوابوونێکه‌ به‌ نوێژ نیوه‌رۆ و به‌ ئاشکرا په‌لى خێزانه‌ کورده‌کانى سه‌عدییه‌ و شاره‌بان و جه‌له‌ولا و دووز بگرن و خاک به‌ده‌ربکرێن و له‌ به‌رانبه‌ریشدا قیاده‌ى حه‌کیمى کورد زه‌وى و ڤێلا و شوێنى ئارام و ببه‌خشێته‌وه‌ ئه‌و سه‌رانه‌ى خه‌ونى گه‌وره‌یان سه‌روبن بوونى ئه‌م ئه‌زموونه‌یه‌ و موعه‌ززه‌ز و موکه‌ره‌م پێشوازى ده‌کرێت له‌ خۆیان و خانه‌واده‌یان و کارئاسانى نارنه‌ ده‌ره‌وه‌یان بۆ بکرێت و پارێزراوبن ( ئه‌گه‌رچى ئه‌نفالچى و کوردکوژیش بن ) ..ئه‌مه‌یه‌ په‌رت و بلاَوى کورد ، هه‌ریه‌که‌ و له‌ ئاوازێک به‌رژه‌وه‌ندى مان و گیرفانى خۆى لا له‌ هه‌موو پیرۆزییه‌کانى تر پىَ پیرۆزتره‌ ...!!!!.

ئه‌دى ئیتر کوا بیرى نه‌ته‌وه‌یى ..؟..کامه‌یه‌ ستراتیژى ئه‌منى قه‌ومى ..له‌کوێه‌ شۆرش وخه‌بات و قوربانى و سه‌روه‌رییه‌کانمان .. ئایا ئه‌م دۆخه‌ ته‌ماوى ترسناک و ئاڵۆزه‌ شایانى ئه‌وه‌ نییه‌ سه‌رکردایه‌تى کورد به‌ عیلمانى و ئیسلامیشه‌وه‌ هه‌ڵوێستێکى توند و تۆکمه‌ى یه‌کپارچه‌یان هه‌بێت بۆ له‌به‌رچاوگرتنى هه‌ر ئه‌گه‌رێک که‌ چاوه‌روان ده‌کرێت .

 

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه