یاسا شكێنی به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نوسان به‌رده‌وامه‌

ماڵپەری قەڵادزێ:

سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌رۆژنامه‌نوسان، لە نوێترین بەیاننامەیدا سەرکۆنەی هێزەی پێشمەرگەی دهۆک دەکات، لەبەرانبەر ئەو هێرشانەی کردوویانەتە سەر چەند ڕۆژنامەنوسێک، ئەمەش دەقی بەیانەکەیە:

" سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌رۆژنامه‌نوسان سه‌ركۆنه‌ی لێدان‌و رێگرییه‌كانی هێزه‌كانی فه‌رمانده‌یی هێزی پێشمه‌رگه‌ی دهۆك ده‌كات، به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نوسان. داواش له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات (له‌هه‌مان كاتدا فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌) رۆڵی خۆی بگێڕێت‌و هێزی پێشمه‌گه‌ رێز له‌ یاسای كاری رۆژنامه‌نوسی بگرێت.

كاتژمێر 11ی به‌یانی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ (3/3/2012) له‌كاتی روماڵكردنی ناره‌زاییه‌تی‌و خۆپیشاندانی كۆمه‌ڵێك له‌سه‌ربازه‌كانی لیوای 8ی سوپای عێراق له‌به‌رده‌م فه‌رمانده‌یی پێشمه‌رگه‌ی دهۆكی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هێرشكرایه‌ سه‌ر هه‌ردوو تیمی كه‌ناڵی KNN و تیمی كه‌ناڵی NRT. لێیانده‌دن‌و كامێراكه‌شیان ده‌شكێنن‌و ده‌ستی به‌سه‌را ده‌گرن.

په‌یامنێری كه‌ناڵی KNN له‌شاری دهۆك، له‌تیف دۆسكی به‌سه‌نته‌ری میترۆی وت "دوو كه‌س په‌لاماری خۆمیانداو به‌شه‌ق‌و بۆكس، دوكه‌سیش كامێراكه‌یان به‌ زۆر لێسه‌ندم" جه‌ختیكرده‌وه‌"پاش ئه‌وه‌ی لیژنه‌ی داكۆكیكردن له‌رۆژنامه‌نوسان هاتنه‌ سه‌ر خه‌ت بۆیان گه‌ڕاندمه‌وه‌ به‌ڵام ده‌ستیان به‌سه‌ر كاسێته‌كه‌دا گرتووه‌."

ئه‌و هێزه‌ به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستاون، به‌قۆناغه‌ تفه‌نگ هێرشیانكردۆته‌ سه‌ر وێنه‌گری كه‌ناڵی NRT و ده‌ستیانگرتووه‌ به‌سه‌ر كه‌ره‌سته‌ی رۆژنامه‌نوسی تیمی كه‌ناڵه‌كه‌.

په‌یامنێری NRT له‌دهۆك سه‌باح ئه‌تروشی، به‌میترۆی وت "هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی وێنه‌گرتن هێزیكی 50 كه‌سی په‌لاماری داین به‌هێز كامێراكه‌یان له‌ وێنه‌گره‌كه‌مان سه‌ند" ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا "ئێمه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی فه‌رمانده‌یی بوین كه‌چی ده‌یانوت وێنه‌ مه‌گرن نا یاساییه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌كردین."

هه‌روه‌ها وێنه‌گری كه‌ناڵی NRT، شۆڕش دۆسكی به‌ میترۆی وت "ئه‌و هێزه‌ زۆره‌ به‌ قۆناغه‌ تفه‌نگ له‌ده‌ستیاندام تا كامێراكه‌یان لێسه‌ندم‌و بردیان پاشان كامێراكه‌مان له‌ رێگه‌ی لیژنه‌ی داكۆكیكردن له‌ رۆژنامه‌نوسان به‌ شكاوی وه‌رگرتۆته‌وه‌."

سه‌نته‌ری میترۆ هیچ پاساوێك به‌ ره‌وا نازانێت بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر رۆژنامه‌نوسان‌و پێشێلكردنی یاسای كاری رۆژنامه‌نوسی. به‌تایبه‌تیش ئه‌و هێرشه‌ له‌لایه‌ن هێزێكی ره‌سمی وه‌زاره‌تی پێشمه‌گه‌وه‌ ئه‌نجامدراوە.

سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌رۆژنامه‌نوسان په‌یوه‌ندی كرد به‌وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، جه‌عفه‌ر شیخ مسته‌فا، سه‌باره‌ت به‌و روداوه‌ وتی، "ورده‌كاری ئه‌و روداوه‌مان له‌به‌رده‌ست نییه‌‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی تێدا ده‌كه‌ین."

سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌رۆژنامه‌نوسان داوا له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات كه‌ له‌هه‌مان كاتدا فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌ رۆڵی خۆی بگێڕێت و هێزی پێشمه‌گه‌ رێز له‌ یاسای كاری رۆژنامه‌نوسی بگرێت.

سه‌نته‌ری میترۆ رایده‌گه‌یه‌نێت، "ئیدانه‌ی هیرشكردنه‌ سه‌ر تیمی كه‌ناڵی KNN و تیمی كه‌ناڵی NRT ده‌كه‌ین. بۆ ئه‌وه‌ی ده‌زگا ئه‌منیه‌كان رێز له‌ كاری رۆژنامه‌نوسی بگرن، با وه‌زیری پێشمه‌گه‌ ده‌ستبه‌جێ لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و پێشێلكارییه‌ ڕون‌و ئاشكرایه‌ پێك بهێنێت‌و ئه‌نجامده‌رانی بدرێنه‌ دادگا."

كۆتایی

سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌ رۆژنامه‌نووسان، رێكخراوێكی سه‌ربه‌خۆیه‌ بۆ به‌رگری له‌ رۆژنامه‌نووسان و مافه‌كانیان. ئه‌م رێكخراوه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستان، نوێنه‌رایه‌تی روانگه‌ی ئازادییه‌ رۆژنامه‌نووسییه‌كان (JFO) ده‌كات كه‌ نوسینگه‌ی سه‌ره‌كی له‌ به‌غدایە".

 

(( هه‌واڵ ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه