كۆتایی هاتنى كۆنگره‌ی پێنجه‌می حزبی كۆمونیستی كرێكاریی عێراق ڕاگەیەنرا

ماڵپەری قەڵادزێ:

حزبی کۆمەنیستی کرێکاری عێراق، لە ڕاگەیانراوێکدا کۆتایی بە کۆنگرەی پێنجەمی خۆی هێنا، کە ئەمە دەقەکەیەتی:

"له‌رۆژانی 24 و25 ی شوباتدا و به‌ئاماده‌بوونی زۆربنه‌ی نوێنه‌رانی رێكخستنه‌كانی حزب له‌شاره‌كانی, به‌سرا, ناسریه‌, كوت, حله‌, نه‌جه‌ف, تكریت, به‌غدا وكه‌ركوك و هه‌روه‌ها نوێنه‌رانی رێكخستنه‌كانی حزب له‌ده‌ره‌وه‌ی ووڵات له‌به‌ریتانیا, كه‌نه‌دا, نه‌رویج و سوید وبه‌به‌شداری وه‌فدێكی‌ حزبی كۆمونیستی كرێكاریی كوردستان، کۆنگره‌ی پێنجه‌می حزبی كۆمونیستی كرێكاریی عێراق، سازدرا.

کۆنگره‌ له‌سه‌ره‌تادا و به‌ر له‌ده‌ستپێكردنی كاره‌كانی خۆی‌، ,گفتوگۆی له‌باره‌ی یاساییبونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی به‌شداربوو له‌كۆنگره‌دا كرد. له‌مباره‌یه‌وه‌ محمد عزیز ,به‌رپرسی گشتی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆكۆنگره‌ی پێنجه‌م ,سه‌باره‌ت به‌ شێوازی پرۆسه‌كه‌ له‌سه‌رجه‌م بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردندا ,راپۆرتێكی پێشكه‌ش كرد ,نوێنه‌رانی كۆنگره‌ش چه‌ند پرسیارو تێبینی خۆیان هه‌بوو ,كه‌ به‌وردی ورۆشنی وه‌لامیان وه‌رگرته‌وه‌ ,دواتر ناوی سه‌رجه‌م نوێنه‌ران خوێندرایه‌وه‌ ,كه‌ زۆرینه‌یان له‌كۆنگره‌دا ئاماده‌بون ,به‌م شێوه‌یه‌ بریار له‌سه‌ر یاسایی بوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی كۆنگره‌ درا .

پاشان كۆنگره‌ به‌سروودی ئه‌نته‌رناسیۆنال ودواتر به‌راوه‌ستان خوله‌كێك به‌ بێده‌نگی بۆ رێزگرتن له‌یادی هاورێیان ,له‌یلا محه‌مه‌د و وسام یوسف و سه‌رجه‌م گیانبه‌ختكردوانی رێگای ئازادی و یه‌كسانی و سۆشیالیزم ,كاره‌كانی ده‌ستپێكرد .

دوابه‌دوای ئه‌مه‌ سامان كه‌ریم, ووتاری ده‌ستپێكی كۆنگره‌ی پێشكه‌ش كرد ,كه‌ له‌به‌شێك له‌ قسه‌كانیدا ,به‌مجۆره‌ باسی له‌گرنگی كۆنگره‌كردو ووتی :ئه‌م كۆنگره‌یه‌ رووداوێكی گرنگه‌ بۆ بزووتنه‌وه‌ی كۆمونیستی ,‌ئیمه‌ ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گرنگ وپر بایه‌خ بێت و ده‌مانه‌وێت ببێته‌ خاڵێكی گه‌وره‌ی وه‌رچه‌رخان له‌ ژیانی سیاسی حزبدا ,چونكه‌ ده‌مانه‌وێت حزب له‌جێگاورێگای راسته‌قینه‌ی چیتایه‌تی خۆی سه‌قامگیربكه‌ین ,هه‌روه‌ها ده‌مانه‌وێت ته‌حه‌زوبی چینایه‌تی بۆ كۆمونیزم ببێته‌ ناونیشانی ئه‌م كۆبونه‌وه‌ حزبییه‌ی ئێمه‌ , كۆمونیزم له‌عێراقدا جگه‌ له‌م رێگایه‌ هیچ هه‌ڵبژارده‌یه‌كی دیكه‌ی له‌به‌رده‌مدا نیه‌ ,وه‌ئه‌مه‌ ته‌نها رێگایه‌ بۆ بۆ كۆمونیزمێک كه‌ ده‌یه‌وێت وه‌لام بداته‌وه‌و رێگاچاره‌ده‌ستنیشانبكات بۆ كێشه‌كانی ,مه‌سائیله‌كانی ,ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م گه‌شه‌سه‌ندنی ,سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌یی و سه‌رجه‌م كاروباره‌ بچووك ومه‌زنه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی کرێکاری .

دواتر په‌یره‌وی ناوخۆی كۆنگره‌ په‌سه‌ندكراو له‌رێگه‌ی ده‌نگدانه‌وه‌ هه‌یئه‌تێك ده‌ستنیشانكرا بۆ به‌رێوه‌بردنی كۆنگره‌ ,كه‌پێكهاتبوون له‌ سامان كریم ,نادیه‌ محمود ,عمار شریف ,پاشان عوسمانی حاجی مارف ,وتاری حزبی كۆمونیستی كرێكاریی كوردستانی پێشكه‌شكرد ,كه‌تیایدا وێرای پیرۆزباییكردنی به‌ستنی كۆنگره‌ له‌سه‌رجه‌م ئه‌ندامان ودۆست ولایه‌نگران ونوێنه‌ران و به‌شداربووان ,باسی له‌گرنگی ئه‌م كۆنگره‌یه‌ كرد ,له‌و روانگه‌یه‌وه‌ كه‌ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ نه‌ته‌نها گرینگی خۆی له‌ خه‌بات و تێكۆشانی كۆمونیسته‌ كرێكارییه‌كانی عێراقدا هه‌یه‌ , به‌ڵكو ده‌توانێ رۆڵێكی سه‌ره‌كی وبنچینه‌یی ببینێت له‌ مه‌سه‌له‌ی كۆتایهێنان به‌و ئازارو مه‌ینه‌تیانه‌ی كه‌ هێقه‌ی به‌ملیۆنه‌ها كه‌س له‌ كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشانی عێراق گرتوه‌ ,هه‌روه‌ها سنورێك بۆ ئه‌و گرفتانه‌ دابنێت كه‌ هێزو لایه‌نه‌ بۆرژواییه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگای عێراقدا خوڵقاندویانه‌ ,وه‌ ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ كه‌ ئه‌م حزبه‌ ئه‌رك ومه‌هامی رابه‌رایه‌تیكردنی بزوتنه‌وه‌ی شۆرشگێرانه‌ی كرێكاران وجه‌ماوه‌ری ئازادیخواز بگرێته‌ ئه‌ستۆ ,له‌نێو ئه‌و ئه‌وزاعه‌ شۆرشگێرانه‌یه‌ی كه‌ ناوچه‌كه‌ی گرتۆته‌وه‌و ,به‌م شێوه‌یه‌ ده‌رگا له‌به‌رده‌م گه‌شه‌ی بزوتنه‌وه‌ی كۆمونیستی والاتربكات .

 

دواتر كۆنگره‌ له‌رێگه‌ی ده‌نگدانه‌وه‌ ئه‌م برگانه‌ی وه‌كو ده‌ستوری كۆنگره‌ی پێنجه‌می حزب په‌سه‌ند كرد :

1- راپۆرتی ناوه‌ندیی حزب .

2- بارودۆخی سیاسی وهێڵه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ئستراتیجیه‌تی حزب له‌ عێراق .

3- بزوتنه‌وه‌ی كرێكاریی و سیاسه‌تی حزبی كۆمونیستی كرێكاریی .

4- راپۆرتێك سه‌باره‌ت به‌و گۆرانكارییانه‌ی كه‌ پێویسته‌ له‌ به‌رنامه‌ی (دونیایه‌كی باشتر )دا بكرێت .

5- بریار سه‌باره‌ت به‌ مه‌حكومكردنی فیدراڵیه‌ت.

6- بریار سه‌باره‌ت( به‌ پێویستی فه‌وریمان به‌دروستكردنی رێكخستن ).

7- بریاره‌كان.

8- کۆرێک سه‌باره‌ت به‌ (بزوتنه‌وه‌ی كرێكاری ).

9- هه‌ڵبژاردن.

 

سامان كریم راپۆرتی ناوه‌ندی پێشكه‌شكرد ,كه‌تیایدا سه‌رجه‌م چالاكیه‌كانی حزبی له‌بواره‌ جیاوازه‌كانی سیاسی و رێكخستن وكۆمه‌لایه‌تی دا ,خسته‌روو , له‌وێدا روونیكردوه‌ ,كه‌لاوازی وسیستی كاره‌كانمان له‌ قۆناغه‌كانی رابوردودا , له‌مه‌یدانی رێكخستنی چینایه‌تی ریزی پێشره‌وان ورابه‌رانی نێو چینی كرێكارو به‌هێزكردنی سوننه‌ت و شێوازی كاری كۆمونیستی بووه‌, وه‌ ئه‌مه‌ش ده‌ره‌نجام كاركردی له‌سه‌ر لاوازبوونی مه‌یدانه‌ جیاوازه‌كانی دیكه‌ی كارو چالاكی حزبیدا هه‌بووه‌ , له‌وانه‌ شێوه‌ی رابه‌رایه‌تی حزبی ورێكخستن و راگه‌یاندن .

هه‌ر له‌درێژه‌ی ته‌واوكردنی راپۆرتی ناوه‌ندیدا ,هاورێیانی به‌رپرس له‌مه‌یدانه‌ جیاوازه‌كانی كاری حزبیدا , راپۆرتی خۆیان پێشكه‌ش كرد ,هاورێیانی نوێنه‌رانی كۆنگره‌ش به‌شداریان له‌م راپۆرته‌ كردو ,باسیان له‌كارو چالاكیه‌ جۆراوجۆره‌كانی حزب كرد له‌ بواره‌كانی , بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری‌ ,ژنان ,لاوان , بلاوكراوه‌كانی حزب , كاری رێكخستن و كۆمیته‌ حزبییه‌كان و رێكخراوی ده‌ره‌وه‌ی وولات وهه‌روه‌ها چه‌ند مه‌یدانێكی دیكه‌ی خه‌باتی سیاسی .

هاورێیان موئه‌یه‌د احمد و سامان كریم بریارنامه‌ی (بارودۆخی سیاسی و هێڵه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ئیستراتیجیه‌تی حزب له‌ عێراقدا ) یان پێشكه‌ش كرد ,هاورێ موئه‌یه‌د له‌م باسه‌دا ته‌ئكیدی كرده‌وه‌ , كه‌ مه‌سه‌له‌ی كۆتایهێنان به‌ده‌سه‌لاتی بۆرژوایی ئیسلامی--ناسیونالیست , هه‌نگاوێكی سه‌ره‌كیه‌ له‌راستای سه‌ركه‌وتنی شۆرشی كۆمه‌لایه‌تی بۆ كرێكاران له‌عێراق ,هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌بارودۆخی شۆرشگێری له‌وولاتانی عه‌ره‌بی كرد ,كه‌له‌وێدا چۆن ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌ سه‌لمێندرا ,كه‌وا ئاڵوگۆری ریشه‌یی و سه‌رتاپاگیر له‌ژیانی چینی كرێكارو جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێشدا ,به‌ستراوه‌ته‌ به‌ سه‌ركه‌وتنی شۆرشی كرێكاریی ,هه‌روه‌ها روونی كرده‌وه‌ كه‌ بریارنامه‌ی هێڵه‌ سه‌ره‌كیه‌كان و ئیستراتیجیه‌تی حزب ,گرنگی وبایه‌خی تایبه‌تی خۆی ته‌نها له‌ چه‌كداركردنی حزب به‌ ئاسۆیه‌كی شۆرشگێرانه‌ نابینێته‌وه‌ و به‌ڵكو كاركردو ده‌ره‌ئه‌نجامیشی, له‌سه‌ر شێوازی كاروخه‌باتی حزب له‌نێو ئه‌و بارودخه‌ شۆرشگێرانه‌یه‌ی كه‌له‌ ئێستادا ناوچه‌كه‌ی گرتۆته‌وه‌و هه‌روه‌ها له‌مه‌سه‌له‌ی به‌دیهێنانی هه‌ر جۆره‌ ریفۆرم وچاكسازیه‌كی ئابوری و سیاسی و كۆمه‌لایه‌تی له‌كۆمه‌ڵگادا ,ده‌بێت .

هه‌رله‌درێژه‌ی‌ ئه‌م باسه‌كه‌دا ,سامان كریم تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌و رێره‌وه‌ سیاسیانه‌ی كه‌ هێزو بزوتنه‌وه‌ بۆرژواییه‌كان له‌ عێراقدا گرتویانه‌ته‌ به‌ر , جێگاو رێگایان له‌ ئێستادا چۆنه‌ ,هه‌روه‌ها مه‌وقیعه‌تی چینی كرێكار و حزب له‌ مه‌یدانی كۆمه‌لایه‌تیدا , له‌چی ئاستێكدایه‌ و ووتی , ئیسلامی سیاسی به‌رابه‌رایه‌تی ئیتلافی ده‌وڵه‌تی یاسا ,له‌دووساڵی رابوردودا ده‌ستی كردوه‌ به‌پرۆسه‌ی وه‌لانانی ره‌وتی ناسیونالیستی عه‌ره‌بی به‌ رابه‌رایه‌تی لیستی ئه‌لعراقیه‌ ,به‌جۆرێك كه‌ ئیسلامی سیاسی به‌سه‌رۆكایه‌تی ئیتلافی ده‌وڵه‌تی یاسا و له‌رێگه‌ی قۆرخكردن وده‌ستگرتن به‌سه‌رده‌سه‌لاتی سیاسی له‌عێراقدا , ده‌یه‌وێت مه‌سه‌له‌ی حاكمیه‌ت له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا به‌یه‌كجاری یه‌كلابكاته‌وه‌ ,هه‌رله‌م باسه‌دا سامان كریم ,باسی له‌رۆڵ ونه‌خشی چینی كرێكار و جه‌ماوه‌ری نارازی كرد ,له‌مه‌سه‌له‌ی كۆتایهێنان به‌ده‌سه‌لاتی ئیسلامی قه‌ومی ,كه‌ ده‌سه‌لاتداره‌ له‌ ئێستادا. دواتر به‌شداربوانی كۆنگره‌ ,لایه‌نه‌ جۆربه‌جۆره‌كانی ئه‌م بریارنامه‌یه‌یان ,خسته‌ ژیرباس وگفتوگۆوه‌و , سامان كریم و موئه‌یه‌د ئه‌حمه‌دیش ,وه‌لامی نوێنه‌ران و میوانیان دایه‌وه‌ و كۆنگره‌ش , کۆمیته‌ی ناوه‌ندی ڕاسپارد که‌ ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ ئامادة بكات به‌له‌به‌رچاوگرتنی تێبينیه‌كانی نوێنه‌ران , و به‌ ناوی کۆنگره‌وه‌ بلاوی بکاته‌وه‌ .

له‌برگه‌ی (بزوتنه‌وه‌ی كرێكاری و سیاسه‌تی حزب )دا ,هاورێیان سمیر عادل و فارس محمود , ئه‌م باسه‌یان پێشكه‌ش كرد ,فارس محمود باسی له‌بارودۆخی سه‌ختی چینی كرێكار كرد له‌م بارودۆخه‌ی ئێستادا ,ته‌ئكیدی كرده‌وه‌ كه‌ كرێكاران له‌ژێر سایه‌ی بارودۆخێكی سه‌خت دان ,به‌لام سه‌ره‌رای ئه‌مه‌ ,خه‌بات وناره‌زایه‌تیه‌كانیان رۆژ له‌دوای رۆژ له‌په‌ره‌سه‌ندندایه‌ ,هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ هێڵه‌ گشتیه‌كانی سیاسه‌تی حزب كرد ,له‌ نێوبزوتنه‌وه‌ی كرێكاریدا ,كه‌ ده‌بێت رۆڵێكی راسته‌قینه‌ی هه‌بێت له‌مه‌سه‌له‌ی به‌هێزكردن وبره‌ودان به‌خه‌باتی ئابوری وئاماده‌یی سیاسی به‌هێزی چینی كرێكار ,له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگادا , له‌پێناو كۆتایهێنان به‌م بارودۆخه‌ دژواره‌و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی له‌به‌رژوه‌ندی شۆرشی كۆمه‌لایه‌تی چینی كرێكاردا ,هه‌رله‌م باسه‌دا ,فارس محمود خاڵه‌ لاوازو به‌هێزه‌كانی چینی كرێكاری خسته‌روو وباسی له‌ چۆنیه‌تی چه‌كداركردنی رابه‌ران وچالاكه‌وانی كۆمونیست وكرێكاری كرد ,به‌ئاسۆی سۆشیالیستی ,و سیاسه‌تی حزبی روونكرده‌وه‌ ,له‌په‌یوه‌ند به‌رێكخستنی كرێكاران وپه‌ره‌دان به‌هۆشیاری فكری وسیاسی وعه‌مه‌لیان ,هاوكات باسی له‌چۆنیه‌تی کردنی حزبی كۆمونیستی كرێكاریی كرد ,به‌حزبی رابه‌ران و تێكۆشه‌رانی كۆمونیست ورێكخه‌رانی ریزی كرێكاران و به‌هێزكردنی پێكهاته‌ی رێكخستنی حزب له‌ نێو مه‌یدانی بزوتنه‌وه‌و خه‌باتی رۆژانه‌ی كرێكاری دا .

سمیر عادل له‌م باره‌وه‌ قسه‌و‌باسه‌كه‌ی سه‌باره‌ت به‌بونی حزب کرد له‌ نێو بزوتنه‌وه‌ی ‌چینی كرێكاردا‌ ده‌ستپێكرد ,ووتی ئه‌گه‌رچی ئه‌م په‌یوه‌ندی یه‌ هێنده‌ به‌هێزنیه‌ , به‌لام ,ئاماده‌یی ده‌یان كه‌س له‌رابه‌ران وچالاكه‌وانی كرێكاری له‌م كۆنگره‌یه‌دایه‌ و به‌شداریكردنی حزب له‌رابه‌ریكردن و رێكخستنی ده‌یان ناره‌زایه‌تی كرێكاریدا , به‌ڵگه‌ن بۆ ئه‌م ڕاستییه‌. هه‌روه‌ها سمیر عادل باسی له‌و بریاره‌ دژه‌ كرێكاریانه‌ ,كرد كه‌له‌سه‌رده‌می حاكمیه‌تی پۆل برێمه‌ردا ,ده‌ركران ,ووتی رێكخستنی كرێكارانی بێكار له‌بزوتنه‌وه‌یه‌كی فراوان وبه‌ریندا و دواتر گه‌شتن به‌ئامانجی سه‌پاندنی مافه‌كانیان به‌سه‌ر ده‌سه‌لاتدا ,ته‌نها زامنێكی راسته‌قینه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی به‌تایبه‌تی كردنی كه‌رتی ئابوریدا ,هه‌روه‌ها بره‌ودان به‌ بزوتنه‌وه‌ی بێكاران وبه‌رزكردنه‌وه‌ی تواناییه‌كانی بۆ هێزێك كه‌ بتوانێ پارێزگاری له‌ كۆمه‌ڵگا بكات ,له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر جه‌نگێكی ناوخۆی و تایه‌فی و مه‌زهه‌بی و قه‌ومیدا , سه‌باره‌ت به‌سیاسه‌تی حزب ,سمیر عادل روونیكرده‌وه‌ كه‌ئه‌ركی حزب بریتی یه‌ له‌ به‌هێزكردنی ره‌وتی شۆسیالیستی له‌نێو ریزه‌كانی چینی كرێكاردا , و به‌مجۆره‌ حزب و بزوتنه‌وه‌ی كرێكاری ده‌توانن , كاریگه‌ریان هه‌بێت به‌سه‌ر هاوكێشه‌ سیاسیه‌كان له‌عێراقدا.

دوابه‌دوای گفتوگۆكردنێكی چڕ ,له‌سه‌ر ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ ,فارس محمود وه‌لامی پرسیارو تێبینیه‌كانی ئاماده‌بوانی دایه‌وه‌. كۆنگره‌ بڕیاری له‌سه‌ر چوارچێوه‌ی گشتی ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ داو به‌له‌به‌رچاوگرتنی تێبینی وسه‌رنجی نوێنه‌ران گۆڕانکاری تێدا بکرێت.

پاشان رێبوار احمد ,باسی (راپۆرتێك سه‌باره‌ت به‌و گۆرانكارییانه‌ی كه‌ پێویسته‌ له‌ به‌رنامه‌ی حزبدا به‌رنامه‌ی (دونیایه‌كی باشتر )دا بكرێت ,پێشكه‌ش كرد , له‌م باسه‌دا ,رێبوار احمد ئه‌و بڕگانه‌ی خسته‌ڕوو ,كه‌ به‌هۆی گۆرانی بارودۆخی سیاسیه‌وه‌ له‌ عێراق و دوابه‌دوای رووخانی رژێمی ناسیونالیستی به‌عسه‌وه‌ ,پێویسته‌ گۆرانكاریان به‌سه‌ربكرێت ,له‌وانه‌ مه‌سه‌له‌ی ده‌سه‌لاتی سیاسی ئێسای عێراق , مه‌سه‌له‌ی كورد ,هه‌روه‌ها هه‌ندێك برگه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ سوپاو میلیشیایه‌وه‌ هه‌یه‌ ,مه‌سه‌له‌ی خێزان وزه‌واج ,مه‌سه‌له‌ی گه‌نده‌ڵی مالی وئیداری ,دابه‌شبوونی تایه‌فی ,هه‌روه‌ها گۆرانكاریه‌ جیهانیه‌كان كه‌له‌بواره‌ جیاوازه‌كانی ژینگه‌, ته‌كنۆلۆجیای راگه‌یاندن و چه‌ند برگه‌ی دیكه‌دا به‌رچاو ده‌که‌ون. رێبوار احمد ,وه‌لامی تێبینیه‌كانی دایه‌وه‌و رونیكرده‌وه‌ ,كه‌مه‌به‌ست له‌خستنه‌رووی ئه‌م ڕاپۆرته‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆنگره‌ له‌م گۆرانكاریانه‌ ئاگاداربكرێته‌وه‌ ,دواتر ئه‌م ڕاپۆرته‌ ره‌وانه‌ی كۆمیته‌ مه‌ركه‌زی بكرێت ولیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت پێكبهنرێت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ریان و بریاردان له‌سه‌ریان ,له‌ پلنیۆمی 27 كۆمیته‌ مه‌ركه‌زیدا .

به‌هۆی نه‌بونی كاته‌وه‌ کۆنگره‌ بڕیاری دا ,به‌ڵگه‌نامه‌ی" سه‌باره‌ت به‌مه‌حكومكردنی فیدرالیه‌ت‌" بسپێرێت به‌ کۆمیته‌ی ناوه‌ندی به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن وبریاردان له‌باره‌یه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی بریار ده‌رباره‌ی( پێویستی فه‌وریمان به‌دروستكردنی رێكخستن ) ره‌شید اسماعیل ,له‌باسه‌كه‌یدا تیشكی خسته‌ سه‌ر بواری رێكخستنی حزبی وگرنگی ئه‌م بواره‌ له‌ ژیانی سیاسی وكۆمه‌لایه‌تی حزبدا وپێویستی بره‌ودان پێی ,هه‌روه‌ها باسی له‌ نه‌خشی ئه‌ندامی حزب و كۆمیته‌كانی حزب له‌ كارگه‌و گه‌ره‌كه‌كان وله‌ نێو شاره‌كاندا كرد ,دوابه‌دای گفتۆگۆیه‌كی چڕی ئاماده‌بوان له‌باره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كه‌وه‌ ,باسل مهدی ,وه‌كو كه‌سێك كه‌به‌شداریكردبوو له‌ئاماده‌كردنی به‌ڵگه‌نامه‌كه‌دا ,وه‌لامی ئاماده‌بوانی دایه‌وه‌ ,كۆنگره‌ بریاریدا ,كه‌ ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ , ره‌وانه‌ی كۆمیته‌ مه‌ركه‌زی حزب بكرێت , به‌مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه‌وبریاردان له‌باره‌یه‌وە.

له‌بڕگه‌ی ته‌رخانكراو بۆ بریاره‌كان ,چه‌ندین بریاری سیاسی ,رێكخراوه‌یی ,پێشكه‌ش به‌كۆنگره‌ كران ,كه‌ له‌ نێویاندا بریارێك سه‌باره‌ت به‌( پیشگیریكردن له‌ خواسته‌ كرێكاریه‌كان له‌ عێراقدا ) که‌ كۆنگره‌ په‌سه‌ندی كردو بریاری له‌سه‌ردا ,هه‌روه‌ها بریاره‌كانی ( پشتگیری له‌بزوتنه‌وه‌ی كرێكاری وشۆسیالیستی له‌ میسر ) و (پشتگیری له‌ ئازادی رێكخراوبون بۆ كرێكاران له‌ كوردستانی عێراق ) و(بریار دژ به‌ لێپێچینه‌وه‌ له‌ رابه‌رانی كرێكاری له‌ كه‌رتی نه‌وت له‌ عێراق ) وچه‌ند بریارێكی دیكه‌ی‌ ته‌واوكه‌ری په‌یره‌وی ناوخۆی حزبك که‌ په‌سه‌ند کران.

پاشان فلاح علوان ,سیمینارێكی سه‌باره‌ت به‌ (بزوتنه‌وه‌ی كرێكاری)پێشكه‌ش كرد ,كه‌تیایدا سه‌باره‌ت به‌و كه‌موكورتی و ئه‌و رێگریانه‌ی ,كه‌به‌ر به‌گه‌شه‌سه‌ندنی ره‌وتێكی رادیكالی كرێكاری ده‌گرن له‌ نێو بزوتنه‌وه‌ی كرێكاریدا , قسه‌وباسی كرد ,هه‌روه‌ها ته‌ئكیدی له‌سه‌ر زه‌روره‌تی جێخستنی ره‌وتێكی كرێكاریی رادیكال له‌سه‌ر ئاستی جیهانی دا كرد ,به‌ئامانجی رووبه‌روبونه‌ی ئه‌و مه‌یله‌ سه‌ره‌كیانه‌ی كه‌ باڵیان به‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی سه‌ندیكالیستدا كشاندوه‌ .

له‌برگه‌ی هه‌ڵبژاردندا , كۆنگره‌ ئه‌و بریاره‌ی په‌سه‌ند كرد كه‌ ژماره‌ی ئه‌ندامانی كۆمیته‌ مه‌ركه‌زی 24بیست وچوار كه‌س بێت ,له‌وانه‌ 21 بیست ویه‌ك ,كه‌سیان ئه‌ندامی ئه‌سڵی و 3 كه‌سیش ئه‌ندامی یه‌ده‌ك بن, ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش به‌مجۆره‌ی خواره‌وه‌ بوو :

كامیل احمد ,احمد عبدالستار ,باسل مهدی ,عبدالكریم عبدالساده‌ ,ره‌مه‌زان سابیر ,سامی حسن ,عواد احمد ,خلیل ابراهیم ,رشید اسماعیل ,موئه‌یه‌د احمد ,سامان كریم ,سمیر عادل ,عوسمانی حاجی مارف ,رعد سلیم ,نادیه‌ محمود وریبوار احمد ,فارس محمود ,سائیر سلیم ,محمد عزیز ,عمار شریف ,ازاد احمد ,وه‌كو ئه‌ندامانی ئه‌سڵی كۆمیته‌ مه‌ركه‌زی ,هه‌روه‌ها ,فلاح علوان ,عامر رسول ,ینار محمد ,وه‌كو ئه‌ندامانی یه‌ده‌كی كۆمیته‌ ناوه‌ندی هه‌ڵبژارد.

كۆنگره‌ كاره‌كانی به‌وتارێكی سامان كه‌ریم كۆتایی پێهێنا , كه‌تیایدا ,جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وراستیه‌ كرده‌وه‌ ,كه‌ مه‌سه‌له‌ی جێبه‌جێكردن و به‌عه‌مه‌لیكردنه‌وه‌ی ,ئه‌و ئه‌رك ووه‌زیفانه‌ی ,كه‌وا له‌م دوو رۆژه‌دا ,گفتوگۆ وقسه‌وباسێكی دوورودرێژمان له‌باره‌یه‌ناوه‌ كرد ,به‌ستراوه‌ ,به‌ توانیمانه‌وه‌ ,راده‌ی توانیشمان ,به‌نده‌ به‌جێبه‌جێكردنی بریاره‌كانمان له نێو خه‌باتی چینانه‌یه‌تیدا ,هه‌روه‌ها ئومێدی خواست كه‌ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ ,سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ ئه‌م ده‌ستپێكه‌ تازه‌یه‌ ,كۆنگره‌ی پێنجه‌م ,به‌سه‌ركه‌وتوویی كاره‌كانی ئه‌نجامداو به‌سرودی ئه‌نته‌رناسیۆنال كۆتایی پێهات .

پاشان كۆمیته‌ مه‌ركه‌زی حزب له‌ 27 ی شوباتدا , 26 بیست وشه‌شه‌مین پلنیۆمی خۆی به‌ست , كه‌تیایدا گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و بریارنامه‌و ڕاسپاردانه‌ كرا ,كه‌له‌ كۆنگره‌ی حزبدا په‌سه‌ندكرابوون ,هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی سكرتێری كۆمیته‌ مه‌ركه‌زی حزب وجێگره‌كه‌ی و ئه‌ندامانی مه‌كته‌ب سیاسی ,پلنیۆم بریاریدا كه‌ژماره‌ی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی 9نۆ كه‌س بێت ,كه‌ له‌ نێویاندا ,سكرتێری حزب و جێگره‌كه‌شی , پلنیۆم به‌ تێكرای ده‌نگ موئه‌یه‌د احمد , وه‌كو سكرتێری كۆمیته‌ مه‌ركه‌زی حزب و عمار شریف وه‌كو جێگری سكرتێری كۆمیته‌ مه‌ركه‌زی هه‌ڵبژارد ,دواتر 7 حه‌وت كه‌س وه‌كو ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ڵبژێردران ,كه‌ بریتین له‌ (محمد عزیز ,فارس محمود ,نادیه‌ محمود ,رشید اسماعیل ,سمیر عادل ,ازاد احمد ,سامان كریم )به‌م شێوه‌یه‌ پلنیۆم سه‌ركه‌وتوانه‌ كاره‌كانی ئه‌نجامداو به‌سرودی ئه‌نته‌رناسیۆنال كۆتایی پێهات .

 

حزبی كۆمونیستی كرێكاریی عێراق

28.2.2012 "

(( هه‌واڵ ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه