بەر لەوەی خۆشت بوێم... کەژاڵ ئیبراهیم خدر

 

1

فێری پێکەنینم مەکە

لەو رۆژەوەی بەگریان چاومکردەوە

من بەتەنیا

لەزمانی گریان تێدەگەم !

 

2

دەستت مەخەرە نێوو دەستم

با دەستم رەنگی تۆ نەگرێ

نەوەک لەتەوقە کردنێکدا

کیژۆڵەیەک رەنگت بدزێ

 

3

سەرت مەنێ بەسنگمەوە

باهێندە بۆنی تۆ نەگرم

زۆر دەترسم کەلێم دووربی

بەبێ ئەو بۆنەی تۆ بمرم ؟!

 

4

هێندە سەیری چاوم مەکە

خۆت دەزانی چەند عاشقم

رەنگە لەو سەیرکردنەدا

تیری حەزێکمت تێبگرم

 

5

هەناسەتم تێکەڵ مەکە

نەکا وەک لقێ درەختێ

بەرگەی شنەبات نەگرم و

بەسەر تۆدا بشکێمەوە

 

6

لێوت مەنێ بە لێومەوە

من دەزانم لە نێوانی لێوەکانمان

سەنگەرێک ، کەمینێک نیە

بەڵام گەر بەیەک بگەن

ئەبێ یەکێکیان شەهید بن

 

7

لەلای کەس ناوم مەهێنە

بانەزانن خۆشم ئەوێ ى

تا ساباتەکانی عەشق و

باخچەکانی خۆشەویستی و

پەنجەکانی من نەسوتێن ؟!

 

8

دەستت مەهێنە بەقژما

جێگەی دەستت نابێتەوە

پڕپڕیەتی لە چەپۆکەکانی دایکم و

گۆچانەکەی دەستی باوکم

 

9

لەگەڵ پێما هەنگاو مەنێ

بۆمن کارێکی گرانە

لەمەملەکەتی ئازادی و تیرۆر

خۆشەویستی سزادانە ؟

 

10

بەر لەوەی هیچ شتێک بڵێی

فێرم بکە لەمانای لێ بوردن بگەم

تا لەو گوناهانە خۆشبم

بەدیاری درانە دەستی من

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه