جه‌نجاڵی‌ تێی‌ داوم... رٍۆژهه‌ڵه‌بجه‌یی‌

 

 

ته‌ماشا له‌جه‌نجاڵی‌ نیشتمان...

له‌ته‌نیشت قاقایه‌ كییه‌وه‌ پردی‌ شانی‌,

تژییه‌ له‌ تابووت گه‌رای‌  حه‌سره‌ت...

له‌ناو قه‌دی‌ ئومێدێكی‌ كاڵیشییه‌وه‌,

په‌رداخێكی‌ نهێنی‌ به‌شكانه‌وه‌ چۆته‌,

یاده‌وه‌ری‌ دره‌خت..

ناخوداكان ناهێڵن... تۆزێك

له‌سمۆره‌ی‌ سۆفی‌

خۆی‌ شه‌ته‌كدا له‌ سورمه‌ی‌ ئه‌ستێره‌و

ده‌ست نوێژ بگرێ‌ به‌نه‌رمه‌ باو

ته‌هلیله‌یه‌كیش بۆ فه‌تحی‌ فڕین...!!

ناخوداكان دڵی‌ ئه‌م نیشتمانه‌ نه‌خۆشه‌

ده‌شكێنن

وه‌ك شكانی‌ شوشه‌ی‌ عیشقی‌ من

ته‌ماشا شه‌وی‌ به‌له‌رزوتاوه‌

جانتایه‌كی‌ نیوداشتی‌ له‌شاندایه‌و

هه‌نوكه‌ سه‌فه‌ر ده‌فرۆشێ‌..

تاقیامه‌ت جگه‌ره‌یه‌كی‌ خائینیش

له‌مه‌له‌فی‌ لێوه‌كانیا نوستووه‌..

خیانه‌ت تا ئه‌وپه‌ڕی‌ پاڕانه‌وه‌ی‌ نیشتمان,

خیانه‌ت تا حزووری‌ خوا..!!

خیانه‌ت وه‌ك نه‌خۆشبوونی‌,

دوێنێی‌ من..

***

سپێده‌یه‌كی‌ ئه‌م نیشتمانه‌ كۆنه‌

هێشتا مه‌مكی‌ نه‌گه‌ییوه‌,

به‌ر ماڵی‌ عومری‌ ڕاده‌خا,

له‌قیبله‌ی‌ قه‌سیده‌یه‌كا,

ئه‌وه‌ گرمۆڵه‌ی‌ زكرێكه‌ تا ڕاكشانی‌ كازیوه‌

تا له‌خه‌وهه‌ستانی‌ گزنگ

ئه‌وه‌ ئومێدێكه‌ دوور... ئه‌وه‌ ماتڵ‌ بوونی‌

هه‌موو ئه‌و دیوارانه‌یه‌ رایه‌ڵی‌ شه‌كه‌تیان,

پڕه‌ له‌ده‌رگای‌ داخراو..

ئه‌وه‌ پیاده‌ڕه‌وی‌ هه‌موو ڕێگاكانه‌و

چۆڕی‌(بانه‌) فڕناكا!

ئه‌وه‌ ڕۆحی‌ مه‌لوولی‌ پڕه‌ له‌نه‌زیفی‌ تاریكی‌

و مه‌حاڵه‌ به‌ئاشتبوونه‌وه‌ی‌

له‌فافی‌ نوور...!!

ئه‌وه‌ جه‌نجاڵ‌ گه‌رایه‌كه‌ مه‌رگ,

تا(حبل الورید)ی‌ نیشتمان

وه‌ك مه‌رگی‌ شیعره‌ شپرزه‌كانی‌ من...

***

شه‌سته‌ هه‌نگاوی‌ پێ‌ی‌ خۆر,

به‌ چاو برۆیه‌كی‌ مه‌سته‌وه‌

له‌ده‌رگای‌ چێشته‌نگاو ئه‌دا

ڕۆژانه‌ كارتۆنێك متمانه‌ ڕۆده‌كا,

جێمان ناهێڵی‌..

شه‌وانه‌ پاڵتۆیه‌ك له‌لا شانێكییه‌وه‌

سێبه‌ر لێ ده‌كاته‌وه‌,

جه‌نجاڵمان ناكا..

كه‌چی‌ هه‌ر نقێمی‌ خۆری‌ ده‌له‌رزێ‌

ئه‌م نیشتمانه‌ كزۆڵه‌

وه‌ك دڵی‌ من..

تاقه‌مبوربوونی‌ نزا، تا كوشتنی‌

تیشكی‌ هه‌ناسه‌كانی‌

له‌په‌تووی‌ عه‌سرێكی‌ خائیندا

نه‌زه‌ر ده‌كاو دڵی‌ ده‌له‌رزێ‌،

وه‌ك نه‌زره‌ پووچه‌كانی‌ من..

من-من منیش له‌نیشتمانی‌ جه‌نجاڵا

جه‌نجاڵ‌..

كچی‌ دایكێكم وه‌زیفه‌م ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر

رۆژهه‌ڵاتی‌ قیژه‌..

ئازاری‌ دایكێم مه‌یلم ده‌چێته‌وه‌ بۆ،

كۆمه‌ڵه‌ی‌ بێوه‌ژن كۆشی‌..!!

به‌ده‌م هه‌ڵگرتنی‌ وڕێنه‌كانمه‌وه‌

كه‌زه‌مه‌ن بۆیاخی‌ ده‌كا به‌ئاخه‌لێوه‌ی‌

خه‌یاڵ‌..

پیاوێك ده‌یه‌وێت به‌ڕێكخراوی‌ ته‌نهایمدا

بفڕێ‌‌و ردێنی‌ بشوا،

به‌جوگرافیای‌ پێستم..

من ده‌ڵێم لێم گه‌ڕێ‌ ئه‌ی‌ پیاو

من دوورم له‌تۆ، دوور، دوور

تێگه‌یشتنم ده‌فته‌ری‌ ئاسمانێكه‌

كرانه‌وه‌ی‌ مه‌حاڵ‌...

چوون جه‌حێڵی‌ كۆترێك

له‌باكووری‌ خه‌ونیا گمه‌ی‌ لێ‌ بدزرێ‌

چوون په‌ڕسێلكه‌یه‌كی‌ شكۆفه‌

بۆ هۆنینه‌وه‌ی‌ رسته‌ی‌ به‌هار

كۆچی‌ كۆپی‌ كه‌ن له‌ده‌یه‌م كانوونی‌ سال...!!

جه‌نجاڵم ئه‌ی‌ پیاو جه‌نجاڵ‌..

وه‌ك رووتانه‌وه‌ی‌ قژه‌سه‌ری‌ نیشتمان

وه‌ك بورانه‌وه‌ی‌ دایكێك

له‌خه‌وی‌ ئه‌به‌دی‌ مناڵه‌كان

ئه‌ی‌ پیاو تۆ له‌كام گوێچكه‌ی‌ ره‌شه‌باو

له‌كام درزی‌ گریانه‌وه‌ بۆ فه‌نتازیاو

له‌چه‌ند ئازاری‌ كه‌ناری‌ بۆ،

شكانی‌ قه‌فه‌سی‌ دیلی‌

له‌چه‌ند راكردنی‌ تریفه‌ی‌ مانگ،

بۆ هه‌ڵمژینی‌ لێوی‌ كانی‌

تۆ، تۆ له‌كوێوه‌ ده‌گه‌یته‌

(ئه‌لیف- لامی‌) لێوو ده‌سته‌واژه‌ی‌

دڵی‌ من... ئه‌ی‌ پیاو!!

***

حوزنم به‌قه‌د حوزنی‌ پێغه‌مبه‌رێكی‌ شه‌هیده‌،

له‌هۆزی‌ گومڕاو

خۆرێكی‌ گریاوه‌، له‌ژێر سه‌رپۆشی‌ هه‌وراو

هه‌ڵوه‌دای‌ هه‌ڵۆیه‌كی‌ پیره‌،

له‌پایته‌ختی‌ لوتكه‌دا نه‌بێ‌،

خۆی‌ تیرۆرناكاو

تیشكی‌ بارانێكه‌ له‌مناڵانی‌ سه‌حرا،

كه‌ هه‌ر له‌دایك نابێ‌

ئه‌وه‌ تۆی‌ ناگه‌یته‌ ده‌روازه‌ی‌ حوزنم‌و

ره‌نگ كردنی‌ رۆحم ئه‌ی‌ پیاو..!!

جه‌نجاڵی‌ تێ‌ی‌ داوم، ته‌مه‌نی‌ خه‌یاڵێكی‌

ئاوییم نییه‌، تا بگه‌مه‌

سونه‌ته‌ مۆره‌كانی‌ حه‌قیقه‌ت

تۆ چوزانی‌ ئه‌ی‌ پیاو

من پاڵتۆی‌ حه‌قیقه‌تم له‌به‌ری‌ لۆژیكادڕاندوه‌و

هه‌موو ئاره‌زووه‌كانم سه‌ر به‌توخمی‌ تراویلكه‌...

ئاره‌زوومه‌ بگه‌مه‌ ئاستانه‌ی‌،

بۆنی‌ ئیره‌مستان

گوڵێك بانگم كا بۆ مه‌عشه‌ری‌ ئینجانه‌و

حه‌ره‌م سه‌راكانی‌ لاولاو...!

ئاره‌زوومه‌ بگه‌مه‌ حه‌زره‌تی‌ دوو چه‌هچه‌هه‌ی‌

شین...بولبولێك فێرم كا چنینی‌ فڕین...!!

چێم لێ‌ هه‌ڵده‌وه‌ڕێت ئه‌ی‌ پیاو

من له‌نیشتمانی‌ جه‌نجاڵا، جه‌نجاڵ‌

حه‌قیقه‌ت عومری‌ ئێواره‌یه‌كی‌،

بۆنه‌هێڵامه‌وه‌

زه‌رده‌په‌ڕ له‌به‌ركاو له‌سه‌ر كورسی‌ رۆحم

دانیشێ‌...

كه‌چی‌ هێشتا دڵم ده‌له‌رزێ‌..

چوون ته‌رزی‌ مێو دڵی‌ دیوار

ده‌خورێنێ‌،

گه‌ڵای‌ عیشقی‌ ختوكه‌ی‌ ئه‌دا،

سه‌ری‌ سه‌ودا...

***

پیاوێك به‌فری‌ نیشتمان كپ كپی‌ كردووه‌

ئه‌و پێم ده‌ڵێ‌ ئاوێنه‌ درۆناكا..

چوون ئاوێنه‌ منم..

ببینه‌ ئه‌ی‌ كچی‌ جه‌نجاڵ‌،

چه‌ند گوناهم به‌تۆمه‌ت،

به‌تۆمه‌تی‌ ته‌نزیم به‌ڕیشۆڵه‌ی‌ سیاسه‌ت

لادێی‌ی‌ چاوه‌كانم ئه‌نفال كراو

شاره‌كانی‌ دڵم كورد كوژی‌...!

منیش ده‌ڵێم:- ئه‌و پیاوه‌ له‌ئاسمانی‌ داخراوا

نیشتمان چووه‌ به‌پیری‌ پیربونییه‌وه‌..

هه‌مووجارێك ده‌بێته‌ مامانی‌ باران

مناڵی‌ باران هه‌ڵده‌گرێ‌‌و

ئه‌دره‌سی‌ رووخاوی‌ باخچه‌ بێوه‌ژنه‌كان

نادۆزێته‌وه‌..

جانتایه‌كی‌ كه‌سكی‌ باران هه‌ڵده‌گرێ‌‌و

چیمه‌نه‌ ره‌شپۆشه‌كان له‌ده‌غیله‌ی‌،

ستیانه‌كانیان سه‌وزی‌ ناشنێ‌..

قیتاره‌كان پڕده‌كا له‌ئۆرجازمی‌ باران‌و

له‌هیچ وێستگه‌یه‌كدا،

كچێنی‌ گوڵێك به‌عاتیفه‌وه‌ هه‌ڵناچێ‌..

ماچه‌كان ده‌بنه‌ ده‌زووی‌ هه‌ڵم‌و

باران به‌ئه‌فسانه‌ی‌  هاوینه‌وه‌ ده‌خنكێ‌...!

ئه‌وپیاوه‌ له‌هه‌ڵخلیسكانی‌ عیشقه‌وه‌

ده‌یه‌وێت پیاسه‌ بكا به‌كلۆربوونی‌ خه‌ونه‌كانم‌و

پێكه‌نینم ببه‌ستێ‌ به‌مۆمیای‌ مۆزه‌خانه‌و

گریانم به‌شنه‌شنی‌ حه‌وسه‌ڵه‌..

من له‌نیشتمانی‌ عیشقه‌وه‌ ده‌گه‌مه‌ لای‌

تۆ ئه‌ی‌ پیاو..

له‌نیشتمانی‌ جه‌نجاڵی‌ چاوه‌كانما

جلیوه‌م شه‌ڵاڵه‌ به‌فرمێسكی‌ سورو

پرچم دڵۆپ، دڵۆپ سپی‌..

تۆ ئه‌وه‌نده‌ به‌كلۆربوونی‌ خه‌ونه‌كانما

رۆچوووی‌..

وێرده‌كانی‌ ئیمانم كه‌وته‌ خواروی‌ ئه‌ژنۆو

ماچه‌كان به‌ده‌م ره‌شه‌بای‌ شبره‌وه‌،

نه‌گه‌شتنه‌ پایزی‌ لێوه‌كان‌و

به‌ده‌مدا كه‌وتن...!!

***

من له‌نیشتمانی‌ جه‌نجاڵا

باوه‌شێك نه‌بوو خه‌مم به‌خێوكاو

گریانم ئارایشت..

كه‌چی‌ ئێستا له‌كه‌نار بۆنی‌ پیاوێكا راوه‌ستاوم

نیشتمانم بۆ شیته‌ڵ‌ ده‌كا..

ته‌ماشام ده‌گوازێته‌وه‌‌و جه‌نجاڵیم

ده‌سڕێ‌..

ته‌ماشام ده‌كڕێ‌‌و پێكێك پایز،

له‌ئۆقره‌ی‌ كاسێكا

ده‌یه‌وێ‌ ده‌ست‌و په‌نجه‌كانم سه‌رخۆش كاو

بمباته‌وه‌ بۆ جوانی‌ زه‌مه‌نێك،

ئاشنا به‌موتوربه‌ی‌ ئه‌وین له‌دره‌ختی‌ عیشقا

ده‌ڵێن عیشق یانی‌ خودا..

كه‌ گه‌ڵایه‌ك ته‌ماشام ئه‌دزێ‌،

پێ‌ی‌ ده‌ڵێم ئه‌م هه‌موو ته‌رمی‌ تنۆكه‌

پێكه‌نینانه‌، له‌سه‌حرای‌ چ حوزنێكا بنێژم

ئه‌ی‌ دڵی‌ من خودا..

گیا فێری‌ گومانم ده‌كا، یه‌قین نه‌بم له‌ كێڵگه‌ی‌

گڵۆبه‌رۆژه‌- له‌ژێر بنچكی‌ تاریكییا

ده‌بورێته‌وه‌..

یه‌قینم سه‌وزكه‌ ئه‌ی‌ خودا..

چاوی‌ چه‌مێك كه‌ پایزی‌ له‌سه‌ر نیشتۆته‌وه‌،

ته‌ڕی‌ برژانگی‌ له‌ئاویلكه‌ی‌ هه‌ناسه‌مدا،

ده‌گاته‌ سیس بوونی‌ ئاو..

دڵۆپێك ره‌حمه‌ت ئه‌ی‌ خودا..

ترێ‌ له‌باخی‌ مێودا كه‌ ده‌م‌و چاوی‌

به‌نوتفه‌ی‌ خه‌زان ئه‌شوا

له‌سوچێكی‌ رۆحمدا،

به‌رسیله‌ی‌ دڵه‌راوكێم،

ده‌گاته‌ شلۆی‌ بوونی‌ شه‌راب

جه‌نجاڵی‌ تێ‌ی‌ داوم

كاولم مه‌كه‌ به‌تامی‌ شه‌راب ئه‌ی‌ پیاو،

ئه‌ی‌ عیشق، ئه‌ی‌ خودا..!!

 

 

ئەم پۆستە ئەلیکترۆنیە لەلایەن ئامێرئ سپامەوەیە. جاڤاسکریپت دەبێت چلاک بکەی بۆ بینینی, you need JavaScript enabled to view it

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه