كورد له‌نێوان سه‌فه‌رو گه‌ڕانه‌وه‌دا!..

لەپیوکەی میدیاوە

قادر وه‌رتی - ئه‌ڵمانیا:

پێشتر هه‌موو شتێك گوتراوه‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌س گوێ ناگرێ ناچارین له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌موو شته‌كان دووباره‌ بكه‌ینه‌وه‌) ئه‌م وته‌یه‌ی ئه‌ندریه‌ جید ده‌كه‌مه‌ ده‌روازه‌یه‌ك بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر پرسی سه‌فه‌رو گه‌ڕانه‌وه‌ لای مرۆڤی ئاواره‌و په‌ڕاگه‌نده‌ی كورد كه‌ بۆته‌ ئاردی ناو دڕك و به‌هه‌موو كونج و كه‌له‌به‌رێكی كه‌وندا بڵاوبۆته‌وه‌، بۆیه‌ قامكم بۆ ئه‌م وته‌یه‌ راهێشت چونكه‌ زۆر جارو له‌گه‌لێك بۆنه‌دا به‌مه‌به‌ستی تێڕامان و هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردن ئه‌م بابه‌ته‌م وروژاندوه‌، به‌ڵام چونكه‌ ته‌نانه‌ت تیله‌چاوێكیشی نه‌دراوه‌تێ و لای لێنه‌كراوه‌ته‌وه‌، هه‌وڵده‌ده‌م لێره‌دا جارێكیدی و به‌خه‌تێكی تۆختر له‌جاران بینووسمه‌وه‌!..

ره‌نگه‌ كورد تاكه‌ میللـه‌تی سه‌ر ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌ بێت كه‌ تا هه‌نووكه‌ ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ سه‌قامگیریدا نیه‌و له‌باڵنده‌ كۆچه‌رییه‌كان ده‌چێت! ده‌چێته‌ شاخ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، په‌ڕاگه‌نده‌ی ئۆردوگاكانی ئێران و توركیا ده‌بێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، نه‌فی خواروی عیراق ده‌كرێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌سواری گه‌میه‌كانی مه‌رگ ده‌گاته‌ ئه‌وروپاو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی ناشتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌میشه‌ له‌بیری گه‌ڕانه‌وه‌دان و جه‌سته‌یان لێره‌یه‌، به‌ڵام رۆحیان له‌وێ، له‌ئامێزی نیشتیماندا به‌جێماوه‌.

به‌درێژایی مێژوو، نیشتیمانی ئێمه‌ هه‌ر له‌سه‌ر شه‌پۆله‌ هاروهاجه‌كان بووه‌و بۆ ساتێكیش هه‌دادانی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌، گوتم كورد له‌باڵنده‌ كۆچه‌ریه‌كان ده‌چێت، به‌ڵام ئه‌و به‌یه‌كچواندنه‌ ره‌نگه‌ ته‌واو له‌جێی خۆیدا نه‌بێ، چونكه‌ باڵنده‌كان به‌ویستی خۆیان سه‌فه‌ر ده‌كه‌ن و پێویستیان به‌ڤیزاو پاسپۆرتی هیچ وڵاتێك نیه‌و لوغم و تێلدڕی كه‌وشه‌نه‌ نه‌فره‌تیه‌كان نایانتاسێنێ، به‌ڵام كورد كه‌ی به‌ویست و ئیراده‌ی خۆی پشتی كردۆته‌ نیشتیمان و بڕیاری سه‌فه‌ری داوه‌..!؟

نه‌ به‌ئاره‌زووی خۆی په‌نای بۆ چه‌ك بردو ده‌ستی وه‌شاخداو نه‌ شه‌یدای ئۆردوگاو خێوه‌تگاكانیش بوو، نه‌ خوازیار بوو له‌ژێر ناوی (عائیدون) دا ناچاربكرێ له‌سێبه‌ری دارخورمادا سه‌رخه‌و بشكێنێ و له‌بری ئاوی سازگاری شاخ و داخی وڵات قوڕاوی سوێری باشوور بخواته‌وه‌ یان سواری ئیڤاكانی ئه‌نفال بكرێ و دواجاریش بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وێته‌وه‌ ته‌پكه‌ی راوچییان په‌نا بباته‌ به‌ر كۆڕه‌و!..

لای تاكی په‌ڕاگه‌نده‌و ئاواره‌ی كورد مه‌یلێكی سه‌یر هه‌یه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك پێم وانیه‌ لای میللـه‌تانی دی ئه‌و مه‌یله‌ ئاماده‌گی هه‌بێت، كوردانی ده‌ره‌وه‌ هه‌میشه‌ خه‌ون به‌وێوه‌ ده‌بینن، ئاشتی و ئارامی و سه‌قامگیری ئه‌وێیان لامه‌به‌سته‌، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ گوندێك ئاوه‌دان بكرێته‌وه‌، كارخانه‌یه‌كی تازه‌ دروستبكرێ، پرۆژه‌یه‌كی رێگاوبان بچێته‌ واری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، به‌ردی بناغه‌ی نه‌خۆشخانه‌یه‌ك دابنرێ، كاتژمێرێك كاره‌با زیاد بكات و خشتێكی زیاتر بخرێته‌ سه‌ر دیواری باڵه‌خانه‌ی به‌دامه‌زراوه‌ییكردنی حوكمڕانی له‌هه‌رێمدا، ئه‌وان دڵیان پێی خۆش ده‌بێ و نیگه‌رانی و نائارامی یان ده‌ڕه‌وێته‌وه‌.

سه‌یره‌، كوردێك نابینیت بڵێ كه‌ مردم بمسووتێنن و خۆڵه‌مێشه‌كه‌م بخه‌نه‌ ده‌ریا یان بیخه‌نه‌ شووشه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شوێن زۆر داگیر نه‌كات، یان بڵێ: ئێره‌ش هه‌ر خاكی خودایه‌و كه‌ مردم له‌یه‌كێك له‌گۆڕستانه‌كانی ئێره‌دا بمنێژن.

تاكی كورد له‌تاراوگه‌دا كه‌ نه‌خۆش ده‌كه‌وێ، یان كاتێ به‌هۆی ته‌مه‌نه‌وه‌ له‌ دواسه‌فه‌ر نزیك ده‌بێته‌وه‌، یان له‌سه‌ره‌مه‌رگدا، دواجار وه‌سیه‌ت ده‌كا بیبه‌نه‌وه‌ ئه‌وێ، ئه‌ی مه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ترۆپكی خۆشه‌ویستی نیشتیمان و مه‌یلی گه‌ڕانه‌وه‌ نییه‌؟!

ده‌گمه‌نن ئه‌وانه‌ی به‌ (خه‌یاڵی گه‌ڕانه‌وه‌) سه‌ر ناخه‌نه‌ سه‌ر سه‌رین، كوردستانیانی ده‌ره‌وه‌ وا بیر ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌ی له‌وێ، له‌ناوه‌وه‌ڕا، چۆن ده‌ڕواننه‌ ئه‌و كائینانه‌و به‌ چ چاوێك ته‌ماشایان ده‌كرێ؟ ئایا له‌پرۆژه‌ی حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستاندا كه‌وتوونه‌ته‌ كوێ..؟ ئایا پرسی ئه‌و سه‌رمایه‌ به‌شه‌رییه‌ گه‌وره‌یه‌ ته‌نیا جارێكیش بۆته‌ مێوانی كۆبوونه‌وه‌و گفتوگۆكانی پارله‌مان..؟ له‌عیراقدا وه‌زاره‌تێكی تایبه‌ت به‌ناوی (وزارة الهجرة و المهجرين) هه‌یه‌و به‌دواداچوون بۆ كه‌یسی ئاواره‌كان ده‌كات و له‌كێشه‌و گرفته‌كانیان ده‌كۆڵێته‌وه‌و له‌كاتی پێویستدا ئاسانكاریان بۆ ده‌كا، كه‌چی له‌كوردستاندا وه‌زاره‌تێكی تایبه‌ت، ده‌زگاو دامه‌زراوه‌یه‌كی په‌یوه‌ندیدار به‌كوردستانیانی ده‌ره‌وه‌ بوونی نیه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌كاتی سه‌ردان یان گه‌ڕانه‌وه‌دا له‌رێی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌وه‌ پرۆژه‌و پێشنیارو داواكاریه‌كانیان بخه‌نه‌ به‌رده‌م لایه‌نی په‌یوه‌ندیدارو هه‌ست به‌بێ كه‌سی و (هه‌میشه‌ ئاواره‌یی) نه‌كه‌ن!..

كورستانیانی ده‌ره‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ یان نا، لێره‌ بن یان له‌وێ، به‌شێكی دانه‌بڕاوی نیشتیمانه‌كه‌ی خۆیانن و هه‌ستێكی قووڵی نه‌ته‌وه‌یی داگیری كردوون و لێیان جیا نابێته‌وه‌، له‌ئاستی هه‌ر چوار پارچه‌كه‌شدا وزه‌و تواناو لێوه‌شاوه‌یی یه‌كجار زۆر له‌بواره‌ جیاجیاكاندا هه‌یه‌و ئاماده‌یی یان هه‌یه‌ بێنه‌وه‌و له‌هه‌ڵنانی باڵه‌خانه‌ی حوكمڕانی وڵاته‌كه‌ی خۆیاندا به‌شداریبكه‌ن و رۆڵی كاراو ئه‌رێنی بگێڕن، به‌ڵام داموده‌زگاكانی ئه‌وێ تا چه‌ند بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ئاماده‌یی یان هه‌یه‌ !

ئایا كاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتوه‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی به‌جدی بیر له‌پرسی ئه‌و سه‌رمایه‌ به‌شه‌رییه‌ گه‌وره‌یه‌ بكاته‌وه‌و وه‌ك به‌شێكی ئۆرگانیكی و دانه‌بڕاو له‌دۆزی ره‌وای میللـه‌ته‌كه‌مان ته‌ماشای بكات..؟!

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه