لەبیرەوەری راگواستنی قەڵادزێدا

خالید ئیبراهیم:

قسەیەک لەسەر کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدانی پشدەر

کۆتایی ئەم مانگە دواقۆناغی جێبەجێ کردنی پلانی هەڵکەندن و راگواستنی پشدەرییەکانە لەسەر زێدی خۆیان، کە بەراگواستنی خەڵکی شاری قەڵادزێ و تەختکردنی شارەکە کۆتایی هات. لەکۆتایی مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨٩دا بەمەبەستی ئەوەی ئیدی ئەم زەویە بۆهەتاهەتایە لە رۆڵەکانی خۆی حەرام بکرێت وەک سزایەک بۆ خەڵک و خاکەکەی، لەبەرئەوەی ناوچەی پشدەر و شاری قەڵادزێ لە قۆناغە جیاجیاکانی شۆڕشی کورددا، خاوەنی قوربانی و خزمەتی زۆرە بۆ شۆڕش، بەعسیەکان هیچ چارەیەکیان نەبو بۆ تۆڵەکردنەوە، راگواستن و پەرت و بڵاوکردنی خەڵکەکەی نەبێت.

ئێستا قەڵادزێ ٢١ ساڵ تەمەنی خۆی تێدەپەڕێنێ لەژێر سایەی دەسەڵاتی کوردیدا ئەو خزمەتەی پێیکراوە بەبەراورد لەگەڵ ئەو قوربانیەی داویەتی زۆر کەمە و بەچاوی جیاواز لەشارەکانی تر و وەک قەرەبوکردنەوە سەیری نەکراوە، وا بڕیارە لە ٢٦ی ئەم مانگەدا کۆنفرانسێک سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوە و خزمەتکردنی زیاتر بەشارەکە لەبیرەوەری ٢٣ ساڵەی راگواستنی شارەکەدا ببەسترێت. بەندە وەک تاکێکی ئەوشارە کە چاوم تیایدا بەدنیا هەڵهێناوەو لەکوچەکانی و لەدەم چەم و کانیاوەکانی گەورە بوم، گەرەکمە سەرنجی خۆم دەربارەی بیرەوەری و کۆنفرانسەکە بخەمەڕو، ئەزمونی کۆمەڵگەی ئێمە لەگەڵ کۆنگرەو کۆنفرانس و سیمیناردا ئەزمونێکی تازەنیە زۆرمان بینیوە کۆنگرەو کۆنفرانسەکان بێجگە لە هەڵایەکی ئیعلامی و تۆمارکردنی وەک چالاکی تاکێک یان گروپێکی دیاریکراو، کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبوە لەسەر بەدەستهێنان و پێکانی ئەو ئامانجانەی کۆنفرانسەکەی بۆ دەگیرێت، بەڕای من بەستنی کۆنفرانسێکی وا لەم کاتەداپێویست نیە لەبەرچەند هۆیەک، لەوانە ...

 

١- کێشەکانی پشدەر و قەڵادزێ رونن و لەچەندین بۆنەو کۆڕی جیاجیادا ئاماژەیان پێکراوە، کە من دواتر لەچەند خاڵێکدا وەک پێشبینیم بۆ ئەنجام و راسپاردەکانی کۆنفڕانسەکە دەیانخەمەڕو.

٢- ماوەی کارکردن و ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنفرانسەکە جۆرێک لە پەلەپەلی پێوە دیارەو یەکەم کۆبونەوەی ئامادەکاری لە رۆژی ١٠-٦- ٢٠١٢ کراوەو کە تەنها نزیکەی دو هەفتە پێش بەستنی کۆنفرانسەکەیە. بەستنی کۆنفرانسیکی ئاوا بەمەبەستی گەشەپێدانی ناوچەیەکی فراوانی وەک پشدەر، دەکرا لانیکەم لەدوای نەورۆزەوە کاری بۆ کرابایەو خەڵکی شارەزاو تایبەتمەند رابسپێردرایە بۆ توێژینەوەو دیاریکردنی گرفتەکان بەوردی و خستنەڕوی چارەسەری پێویست بۆیان .

پێشبینیم بۆ ئەنجام و راسپاردەکانی کۆنفرانسەکە:

پێش هەرشتێک دوبارە پێداچونەوە و داڕشتنەوەی سەرلەنوێی نەخشەی دایک، بنەڕەتی (ماستەرپلانی قەڵادزێ) بەپێی لێدوانێکی سەرۆکی شارەوانی قەڵادزێ، ئەم ماستەرپلانەی ئێستا سەرئێشەیەکی زۆری بۆ دروستکردون، چونکە کەموکورتی زۆری تێدایە، بەوپێیە بێت کاریگەری دەبێت لەسەر جێبەجێ کردنی هەر پڕۆژەیەک لەهەر بوارێکدا بێت لەماوەی ٢٥ ساڵی داهاتودا.

١- لەبواری رێگاوباندا بەدو سایدکردنی رێگای نێوان ژاراوە دەربەند، چونکە بۆتە رێگای مەرگ و ساڵانە کارەساتی زۆری تیادا رودەدات.

٢- لەبواری گەشتوگوزاردا کردنەوەی ئوتێلێک بۆ میوان و گەشتیاران، چونکە تائێستا ئەم شارە ئوتێلکی گەشتیاری نیە. هەروەها کردنەوەی مەلەوانگەی داخراو لەبەرئەوەی ساڵانە گەنجان و مێردمنداڵان لەئاوی زێدا و لە چاڵی حەفارەکانی چەو و لمدا دەخنکێن. گواستنەوەی صناعەی گردی حوسنی و کردنی بەپارکێکی شایستەی خێزانی. داپۆشین و جیاکردنەوەی زێرابەکانی خانەقا و شەهیدان و گربداخ و راپەڕین بۆ ئەوەی تێکەڵ بەئاوی چۆمی ناوشار نەبن و رێکخستنی ئاوەکە و دەوروبەرەکەی، تا ببێتە ناوچەیەکی گەشتیاری و خەڵکی ئەو دەوروبەرەش لەبۆگەنی و پیسی زێرابەکان نەجاتیان ببێت، بەتایبەت هاوینان .

٣- لەبواری بازرگانیدا، بەڕەسمی ناساندنی مەرزی کێلێ وەک خاڵێکی بازرگانی و هاموشۆی نێودەوڵەتی و قەناعەت پێکردنی ئەوانە کە لەبەغدا یان لەهەولێر رێگرن لەم بابەتە. پێم باشە لێرەدا هەڵوەستەیەک بکەم، مایەی تێڕامانە ماوەیەک لەمەوبەر سەرۆکی حکومەتی هەرێم دوای دەستبەکاربونی سەردانی تورکیای کرد و لەڕاگەیاندنەکاندا بڵاوکرایەوە، کە هەرێم و تورکیا لەسەرکردنەوەی دو خاڵی تری سنوری لەنێوانیاندا رێککەوتون. حەقی خۆیەتی لێرەدا بپرسین بۆ لەولا وابەخێرایی دوخاڵی تر دەکرێنەوە بەس لەم لا مەرزی کێلێ دانپێدانانی قورسە.

٤- لەبواری ئاو و کارەبادا: ئەمانە دو بابەتی حەیاتی پێویستی رۆژانەی خەڵکن. پشدەر هەر چواردەوری کوێستان و کانیاو و روبارە کەچی رۆژانە ٤٠ دەقیقە تاکو یەک سەعات، ئاو رۆژێک ناڕۆژێک بۆ ماڵەکان دێت. بۆیە پێویستە ئەو کۆمپانیایەی پڕۆژەی ئاوی خاس جێبەجێ دەکات دوای ئەوەی دو ملیاردینارەکەی درایە، ناچاربکرێت و چیدی لێی قبوڵ نەکرێت پڕۆژەکە دوا بخات و لەکاتی خۆیدا تەواوی بکات .

کارەبای قەڵادزێ بەبەراورد لەگەڵ شارەکانی تردا تایەتمەندی خۆی هەیە، ئەویش ئەوەیە بەشی زۆری گەڕەکەکان ڤۆڵتاجی بەهێزکردن بەکاردێنن ئەگەرنا سودی نیە لەبەرلاوازی تەزوەکە. چارەسەرەکەشی ئەوەیە کە پێش ١٥-١١-٢٠١٢ هەوڵبدرێت لەرێگەی وەزارەتەوە کۆمپانیای جێبەجێکار ناچار بکرێت پێویستییەکانی وێستگەی ١٣٢ کەی ڤی دابین بکرێت، ئەگەرنا زستانی داهاتو حاڵی کارەبا زۆر لەزستانی رابردو شڕتردەبێت و خەڵکی بێ کارەبا دەبن (ئەمە قسەی بەڕێز بەڕێوەبەری کارەبای قەڵادزێیە لەکاتی سەردانماندا بۆ وێستگەکە ).

٥- لەبواری رۆشنبیری و هونەری و وەرزشدا: بەهۆی ئەوەی کتێبخانەی گشتی قەڵادزێ کەوتوەتە ناوچەیەکی لاچەپەک و بەبیانوی نەبونی زەوی پێویست لە سەنتەری شاردا بەشی زۆری خوێنەران و کتێبخانە توشی دابڕان و دورکەوتنەوەبون لەیەکتری، بۆیە پێویستە لەبەرامبەردا بیرلە ماڵێکی رۆشنبیری هونەری بکرێتەوە وەک جێگرەوەیەک بۆ ئەو بۆشاییەی کە هەیە، ئەم ماڵە هونەرمەندان و رۆشنبیران کۆبکاتەوە شوێنی بەیەک گەیشتن و گفتوگۆو چالاکیە رۆشنبیری و هونەرییەکان بێت. هەروەها دروستکردنی مۆنۆمێنتێکی یادەوەری بۆ ئەرشیفکردن و هەڵگرتنی دۆکۆمێنت و پاشماوەکانی رابردو لەکارەسات و راپەرینەکان و شەهیدانی ناوچەکە و شوێنەوارە دێرینەکانیش مۆزەخانەیەکیش بێ بۆ نیشاندانیان. بۆ منداڵانیش ئێستا یەک کازیوەی چالاکی منداڵان هەیە کە سەرەڕای نەگونجاوی بیناکەی قەرەباڵغیەکی زۆری لەسەرە و توانای لەخۆگرتنی ئەو رێژە زۆرەی منداڵانی نیە، بۆیە پێویستە دو کازیوەی تری منداڵان لە سەنتەری شارو گەڕەکی ڕاپەڕین بکرێنەوە. لەبواری وەرزشیدا بەشی زۆری گەڕەکەکانی قەڵادزێ پێویستیان بە ساحەی داخراو و مەلەوانگە هەیە. وەک گربداخ هەنارۆک خانەقا مام قاسم شەهیدان .

٦- لەبواری پەروەردەو خوێنداندا قوتابخانە هەیە ٦٥ قوتابی لەیەک پۆلی خوێندندایە، بیهێننە بەرچاوی خۆتان وانە گوتنەوە لەم پۆلەدا چ واتایەک و بەرهەمێکی هەیە؟ پێویستە بینای زیاتر بۆ ناو شار دروستبکرێت و بینا کۆنەکان و ئەوانە یەک قات (هەرمێن دابان ئاڵا) بەزوی بودجەیەکیان بۆ تەرخان بکرێت و بەشێوازێکی نوێ و فراوانتر دروستبکرێنەوە. باخچەی ساوایان بۆ گەڕەکەکانی خانقاو گربداخ و هەنارۆک و شەهیدان بکرێتەوە .

٧- لەبواری کشتوکاڵ و ئاودێریەوە، هەردو بەنداوی بەلک و دەڵگە کە ئەمەی یەکەمیان دەگوترێت لەسەردەمی پاشایەتیەوە بیر لەدروستکردنی کراوەتەوە، بەدروستکردنی ئەم دو بەنداوە بەشی هەرەزۆری زەویە دێمییەکانی ناوچەی پشدەر بەراو دەبن و بواری کشتوکاڵ و گەشتیاریش لەناوچەکەدا قەڵەمبازێکی گەورە دەهاوێت بۆ پێشەوە، شایەنی بیرهێنانەوەیە پێش راگواستن و لەنیوەی دوەمی سەدەی رابردودا بژێوی بەشێکی زۆری خەڵکی ناوچەکە لەسەربەرهەمی توتن بوە و توتنی پشدەر کوالێتیەکی باشی هەبوە لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان .

بەجێبەجێکردنی ئەم خاڵانە بەشی هەرەزۆری گرفتەکانی ناوچەی پشدەر چارەسەردەبن، ئەگەر هیممەت و نیەتی باش و مشورخۆری باشی هەبێت و پێویست بە گرێدانی کۆڕو کۆنفرانس و خەرجکردنی پارەو سەرقاڵکردنی کۆمەڵێک کەس ناکات، لەبەرئەوەی گرفتەکان رونن و دەمێکە دەگوترێنەوە و لەچوارچێوەی دروشم دەرنەچون. لەکۆتایدا پێم باشە ئاماژە بەخاڵێک بکەم کە لەم نوسینەمدا باسی ناحیەو گوندەکانم نەکردوە لەبەردو هۆ، یەکەم ئەو پڕۆژانەی باسم کردون بەشی زۆریان پڕۆژەی ستراتیژین و راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ کاریگەریان بۆ سەر گوندەکانیش هەیەو سودمەندن لێی. دوەم لەم وتارەدا ناتوانریت زۆر بەوردی بچیتە ناو وردەکاری کێشەکانەوە، هەروەک لەپێشتر باسمکرد بەدواداچون و توێژینەوەی وردی دەوێت و لەبەر ئەوهۆیەش، من کۆنفرانس لەم کاتەدا بەپێویست نازانم.

 

 

(( په‌ڕه‌ی شار ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه