پشده‌ر له‌کۆنه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ

مۆفەق میراودەلی:

ناوىپشده‌ر له‌کۆنه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ

ده‌رباره‌ى ناوى(پشده‌ر)و ره‌گ و ریشه‌که‌ى چه‌ندین بیرو ڕاى جیاواز هه‌یه‌، له‌سه‌رده‌مى کۆنه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ چه‌ند جارىَ گۆڕانکارى به‌سه‌ر ناوى پشده‌ر دا هاتووه‌،به‌جۆرىَ ژماره‌یه‌ک مێژوونووس و گه‌ڕیده‌ و رۆژهه‌لاَتناس و حاکمى سیاسى و نوسه‌ر له‌کتێب و یاداشته‌کانیاندا باسى ناوى پشده‌ریان کردووه‌،هه‌ندىَ له‌وانه‌ کوردن و هه‌ندێکى تریان بیانین، ده‌شىَ بوترێت دواى خستنه‌ڕِووى به‌شىَ له‌و بیروڕا جیاوازانه‌ که‌ مێژووى هه‌ریه‌که‌یان بۆ سه‌رده‌م و قۆناغ و سه‌ده‌یه‌ک ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بگه‌ینه‌ جۆرىَ له‌ کۆک و ته‌بایى سه‌باره‌ت ناوى پشده‌ر.
ئاشکرایه‌ ناوچه‌ى پشده‌رى ئێستا له‌کۆندا بووه‌ته‌مه‌یدانى ململانىَ ى و داگیرکارى و کاولکردن، له‌کاتى ئه‌م جه‌نگ و داگیرکاریانه‌ش دا ئاماژه‌ به‌ناوى ناوچه‌که‌ کراوه‌، که‌ له‌زۆربه‌ى سه‌رچاوه‌کاندا به‌شێوه‌یه‌ک له‌شێوه‌کان ناوى پشده‌ر بوونى هه‌یه‌، هه‌رله‌به‌رئه‌وه‌ بۆ زیاترده‌رخستن وئاشنابوون به‌مێژووى ئه‌و گۆڕانگاریانه‌ى به‌سه‌ر ناوى پشده‌ردا هاتووه‌، ئاماژه‌ به‌و سه‌رچاوانه‌ش ده‌که‌ین.
چه‌ند بیرو ڕایه‌ک ده‌رباره‌ى ناوه‌کانى پشده‌ر 
یه‌که‌م:-(نامرىَ)له‌کۆندا به‌ پشده‌ر وتراوه‌ نامرىَ \"پادشاى ئاشورى شه‌لمانه‌صه‌رى سێیه‌م له‌ساڵى(٨٣٤)پێش زاین، له‌ ناوچه‌ى نامرىَ Namri (پشده‌ر)ى ئێستاوه‌ بۆ ناوچه‌ى (زه‌هاو و ده‌وروبه‌رى رۆیشتووه‌)\"١ ، رۆیشتنى ئاشوورییه‌کان بۆسه‌ر دیوى کوردستانى ئێران له‌ده‌ربه‌ندى ره‌مکانه‌وه‌ تێیان کردووه‌ به‌ناوچه‌ى ئێستاکه‌ى پژده‌ردا تێپه‌ڕیوه‌٢، کاتىَ ناوچه‌که‌ له‌ ژێر ده‌ستى لۆلۆییه‌کاندا ده‌بێت، له‌لایه‌ن سوپاى ئاشوورییه‌کان به‌سه‌رکردایه‌تى(سه‌لمانازاره‌) له‌ساڵى(٨٤٤)پێش زاین دیسانه‌وه‌ هێرشیان هێناوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ویلایه‌تى(نامرىَ)واتا ناوچه‌ى پشده‌رو سه‌رده‌شت. فه‌رمانڕه‌وایى نامرىَ که‌ناوى(مردوخ مۆدامیخ)بووه‌ ڕاى کردۆته‌ شاخ و ناوچه‌که‌ى به‌جىَ هێشتووه‌٣ له‌چه‌رخى ئاشووریدا شارى(زامبى Zambi) له‌هێرشى هه‌شت سه‌رجۆندا ناوبراوه‌، له‌ته‌ک چیاى ئه‌سمیرا(چیاى قه‌ندیل)پشده‌ر به‌(نامرىَ Namri)ناوبراوه‌٤ ئه‌مه‌ گوازرشته‌ له‌وه‌ى له‌و سه‌رده‌مه‌دابه‌ پشده‌ر وتراوه‌(نامرىَ Namri)،ناوهێنانى پشده‌ر به‌(نامرىَ)له‌چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کى جیاجیادا ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ ڕوو که‌ له‌سه‌ده‌مانێکى کۆندا ناوچه‌که‌ به‌و ناوه‌ ناسراوه‌.
دووه‌م:-ئه‌گه‌ر ئاماژه‌ به‌سه‌رده‌مى تازه‌تر بکه‌ین بۆ ناوى پشده‌ر رایه‌کى تر هه‌یه‌به‌جۆرىَ \"له‌کاتى فتوحاتى ئیسلامى ناوچه‌که‌ دوچارى جه‌نگ و کوشتن و وێرانکارى هاتووه‌، به‌لاَم به‌گوێره‌ى سه‌رچاوه‌کان له‌وکاته‌ دا به‌ پشده‌ر وتراوه‌(شیده‌ر)(پشتده‌ر) ، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه‌ سه‌رله‌شکرى ئیسلام خالید بانگى عومه‌رى کرد بڕوا بۆ سه‌ر ڕیگاى (شیده‌ر)٥دیاره‌ ئه‌مه‌ له‌ساڵى٢١ کۆچیدا ده‌بێت، دیاره‌ئه‌وکاته‌ فه‌رمانڕوایى ناوچه‌که‌(فرخ پاشا شیدر)ده‌بێت٦،پێویسته‌ بوترىَ ناوى(شیده‌ر)له‌زمانى په‌هله‌ویدا به‌واتاى نوورو ڕۆشنایى هاتووه‌، نوورو رۆشنایش له‌ ئایینى زه‌رده‌شتیدا جێگه‌یه‌کى به‌رزى هه‌یه‌وزه‌رده‌شتییه‌کان کاتى پاڕانه‌وه‌ له‌په‌روه‌ردگار روو ده‌که‌نه‌ نوورو له‌م ڕووه‌وه‌ ده‌توانرىَ په‌یوه‌ندى واتایى له‌گه‌ڵ وشه‌ى شیده‌ر دروست بکرێت(مه‌به‌ست پشده‌ره‌)٧،دیاره‌ له‌زمانى فارسیشدا لێکدانه‌وه‌وشیکردنه‌وه‌بۆ ناوى پشده‌ر کراوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌کۆندا به‌پێى سه‌رچاوه‌کان په‌یوه‌ندیه‌کى پته‌و له‌نێوان پشده‌ر و سه‌رده‌شتدا هه‌بووه‌،وه‌کو یه‌ک رووبه‌رى جوگرافیا ئه‌ژمارکراون ، هه‌روه‌کو له‌پێشوو ئاماژه‌کان پێدا له‌ژێر ده‌سه‌لاَتى یه‌ک فه‌رمانڕه‌وادابوون.
سێیه‌م:- له‌(محجم البلدان)دا ناوى پشده‌ر به‌(بشتیر)هاتووه‌ که‌ گوندێکه‌ خاوه‌نه‌که‌ى شێخ عبدالقادرى گه‌یلانییه‌ وه‌ ناوى گونده‌که‌ش (پشت ده‌ربه‌نده‌)٨ چواره‌م:- دیاره‌ کاتىَ ناوچه‌که‌ له‌لایه‌ن سوڵتانه‌ عوسمانیه‌کانه‌وه‌ داگیرکراوه‌ ناوى پشده‌ر جارێکى تر گۆڕانى به‌سه‌رداهاتووه‌، ئه‌مه‌ش مه‌به‌ستى تایبه‌تى رامیارى له‌پشته‌وه‌ بووه‌ بۆیه‌ ده‌بینین\" له‌ساڵى(١٨٩٧)دا ئه‌م قه‌زایه‌ ناونراوه‌(معموره‌ الحمید)٩پشده‌ر به‌ناوى سوڵتان عبدالحمیده‌وه‌ ناونراوه‌١٠ ئه‌مه‌له‌سه‌رده‌مى فه‌رمانڕه‌وایه‌تى عوسمانیه‌کان مه‌عموریه‌ى حه‌میدى پىَ گوتراوه‌ و مه‌رگه‌ سه‌رده‌مێک سه‌نته‌رى کارگێڕى بووه‌١١ پێویسته‌ بگوترێت مه‌عموره‌تولحه‌میدیه‌ قه‌زایه‌که‌ له‌سنجه‌قى سلێمانى سه‌ربه‌ویلایه‌تى موسڵ، مه‌ڵبه‌نده‌که‌ى گوندى(مه‌رگه‌)یه‌ و پێشتریش هه‌ر به‌قه‌زاى مه‌رگه‌ به‌ناوبانگ بوو١٢، به‌لاَم له‌سه‌رده‌مى حکومه‌تى نیشتیمانى دا ئه‌و ناوه‌ نه‌ما١٣،واتا ناوه‌که‌ بۆته‌ پشده‌ر.

ده‌رباره‌ى شیکردنه‌وه‌ى پێکهاته‌ى وشه‌ى پشده‌رو ناوه‌که‌ى

ئه‌و ده‌ربه‌نده‌ وه‌هاى کردووه‌ به‌دیوى لاى رۆژهه‌لاَتى بگوترىَ:پشده‌ر(پشت ده‌ر=پشده‌ر=پژده‌ر)دیوى ڕانیه‌ش به‌رده‌ر.له‌کتێبى(صبح الاعشى)ى قه‌لقه‌شه‌ندى به‌ر له‌ (٥٠٠)ساڵێک پێیگوتراوه‌ ده‌ربه‌ندى(قرایرا)١٤،به‌رله‌وه‌ى بێیته‌ سنوورى قه‌زاى پشده‌ر له‌نێوان (ڕانیه‌-پشده‌ر)ده‌ربه‌ندێک به‌دیده‌کرێت،ئه‌گه‌ر له‌وێوه‌ بنواڕینه‌ ناوچه‌که‌ ده‌شىَ پىَ ى بوترێت(پشده‌ر)که‌دوور نییه‌ له‌ڕووى داڕشتنه‌وه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بووبێت(پشت+ده‌رگا=پشت+ده‌ر=پشت ده‌ره‌)به‌لاَم به‌تێپه‌ڕبوونى کات وشه‌که‌ دوچارى داتاشین هاتبێت، له‌ده‌رئه‌نجام دا بووبێته‌(پشده‌ر)چونکه‌ ئه‌وه‌ى تێبینى ده‌کرىَ هه‌رسىَ وشه‌کان له‌ڕووى ماناوه‌ له‌یه‌که‌وه‌ نزیکن.
له‌چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کى تردا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کرێت، ناوى پشده‌ر بۆ سه‌رده‌مانێکى کۆن بگه‌ڕێته‌وه‌، که‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و ناوه‌ وشه‌یه‌کى لێک دراوه‌(پشت ده‌ربه‌ند)یان(پشت ده‌ربه‌ن-به‌رته‌سک)مه‌به‌ست له‌وه‌ش(ده‌ربه‌ن یان به‌رته‌نگى رانیه‌)یه‌١٥، پشده‌ر واته‌(پشت ده‌رگا)واته‌ پشتى ده‌ربه‌ندى ره‌مکان-دیاره‌ بۆ که‌سێک که‌ له‌رۆژئاوا ده‌ڕوانێته‌ ناوچه‌که‌١٦، له‌به‌رئه‌وه‌ى پشده‌ر له‌ده‌ربه‌ندى ره‌مکان ده‌روویه‌کى هه‌یه‌ رووه‌و ناوچه‌ى بیتوێن کراوه‌یه‌، بۆیه‌ پىَ ى گوتراوه‌(پشت ده‌ر)به‌دیوى ڕانیه‌ش بڵێن به‌رده‌ر، دیاره‌ بنه‌چه‌ى وشه‌که‌ به‌ماناى که‌لێن یان ڕوانگه‌ دێت١٧
یاخود ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کرێت\"پشده‌ر به‌واتاى(ئه‌ودیوى تڵیشى تاشه‌به‌رد)دێت\"١٨، هه‌روه‌ها وشه‌که‌ له‌دوو بڕگه‌ پێکهاتووه‌ ١-پشت، ٢-ده‌ر(ده‌ربه‌ند) مه‌به‌ست ئه‌و ناوچه‌یه‌ که‌ ده‌که‌وێته‌ پشت ده‌ربه‌ندى ئاوى ڕانیه‌١٩، پشته‌ر:پژده‌ر،که‌ له‌ ئه‌صڵ دا(پشت ده‌ر)ه‌٢١، هه‌روه‌ها غالب تاڵه‌بانى ده‌ڵێت\"به‌دوور نازانرىَ که‌ ناوه‌که‌ له‌ بنه‌ڕه‌ت دا(پشت-ده‌ر)بووبێت که‌ واتاى پشت سنووریش ده‌گه‌یه‌نێت٢١ پشده‌ر به‌کوردى به‌ماناى دواوه‌ى ده‌رگا یان رۆیشتن یان رێگه‌ دێت ئاماژه‌یه‌ بۆ چیاى(جرد)له‌نێوان دۆڵى پشده‌ر که‌ ئێستا وون بووه‌(نه‌ماوه‌)به‌هۆى ئاوى ده‌ریاچه‌ى دوکانه‌وه‌٢٢.
چه‌ند ماوه‌ و سه‌رده‌مێکى مێژوویمان بۆ سه‌ره‌تاکانى وشه‌ى پشده‌ر خسته‌ڕوو، ده‌رکه‌وت له‌سه‌رده‌مى کۆندا پشده‌ر ناوى ترى هه‌بووه‌ و چه‌ند جار گۆڕانى به‌سه‌ردا هاتووه‌، بۆ نموونه‌ له‌سه‌رده‌مێک دا به‌(نامرىَ)ناونراوه‌، دوورنییه‌ ئه‌م ناوه‌ له‌وه‌وه‌ هاتبێت خه‌ڵکى ناوچه‌که‌ (زیندوو، ئازاو له‌خۆبورده‌) بووبن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناویان نابێت(نامرىَ)، یان گۆڕاوه‌ بۆ (زامبى، شیده‌ر، بشتیر، مه‌عمورالحه‌مید،..)، به‌لاَم ئه‌وه‌ى به‌دیده‌کرىَ له‌زۆربه‌ى سه‌رچاوه‌کاندا زیاتر ئاماژه‌ به‌ ناوى(پشده‌ر)کراوه‌، ئه‌گه‌ر له‌ڕووى بابه‌تى و راستیه‌وه‌ بڕوانینه‌ ناوه‌که‌ ده‌توانین بڵێین ناوى(پشده‌ر) له‌هه‌موویان شیاوتره‌ بۆ ناوچه‌که‌ دابنێین، هه‌روه‌کو له‌پێشوو به‌ پشت به‌ستن به‌چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ک خرایه‌ ڕوو.
ئه‌و سه‌رچاوانه‌ى بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ سوودیان لىَ وه‌رگیراوه‌:-
١- فازڵ قه‌ره‌داغى، مێژووى دێرینى کوردستان، کتێبى سێیه‌م، چاپى یه‌که‌م،٢٠٠٧ ، ل٧٥-٧٦.
٢- مسعود محه‌مه‌د، گۆڤارى ره‌نگین، ژماره‌(٥٥-٥٦)، ساڵى(١٩٩٣)، ل٤٣.
٣- محمد مه‌ردۆخى کوردستانى، تاریخ کرد کردستان، جلد١، چاپ دوم،(فارسى).
٤- جوگرافیناس که‌ریک زه‌ند، جوگرافیاى کوردستان، چاپى دووه‌م،٢٠٠٥،ل٢٦٥.
٥- مه‌لا رووف سلیم حویزى، کوردستان و ئایینى ئیسلام، چاپخانه‌ى جامعه‌،١٩٧٠،ل٩٦.
٦- حه‌سه‌ن مه‌حمود حمه‌ که‌ریم، کوردستان له‌به‌رده‌م فتوحاتى ئیسلامى دا، چاپى چواره‌م،٢٠٠٧،ل٢٢٦-٤٠٨.
٧- فه‌ره‌یدوون حه‌کیم زاده‌، سه‌رده‌شت له‌ ئاوێنه‌ى به‌ڵگه‌نامه‌ مێژوویه‌کاندا، وه‌رگێرانى، حه‌مه‌ ره‌سوڵ حه‌سه‌نپوور، چاپى یه‌که‌م، ٢٠٠٨،ل٢١.
٨- پامر عبدالحسین الحامرى، موسوعه‌ العشائر العر اقیه‌، جلد(٤-٦)ص١٤٧-١٤٨.
٩- جمال بابان، سلێمانى شاره‌ گه‌شاوه‌که‌م، به‌شى دووه‌م، ١٩٩٨ ،ل٤٦.
١٠-ساڵنامه‌ى ١٩٩٨ى سلێمانى، ل١٠.
١١- دکتۆر عبدالله‌ غفور، فه‌رهه‌نگى جوگرافیاى کوردستان، سلێمانى،٢٠٠٢ ، ل٢٩.
١٢- کوردستان له‌چاپکراوه‌ عوسمانلییه‌کاندا، وه‌رگێڕانى فه‌یسه‌ڵ ده‌باغ، چاپى یه‌که‌م، هه‌ولێر، ل١٧٠.
١٣- ئازاد عبدوالواعید، گۆڤارى رۆشنبیرى نوىَ، لیواى سلێمانى، ژماره‌١١٧،کانوونى یه‌که‌مى١٩٨٧، ل.٦٨.
١٤- مسعود محمد، گه‌شتى ژیانم، چاپى یه‌که‌م، ستۆکهۆڵم،١٩٩٢، په‌راوێزى ل٢٢٥.
١٥-نڤره‌ الى تاریخ عشیرتی(پشده‌ر-المیراودلین)وباجه‌لاَن(باجلان)، جمال بابان، مجله‌ المجمع العلمى العراقی/هیئه‌ اللغه‌ الکردیه‌،بغداد،١٠٠٢،ص٢٢٥.
١٦- سیسیل جۆن ئیدمۆندس، کورد تورک عه‌ره‌ب، وه‌رگێڕانى حامید گه‌وهه‌رى، چاپى دووه‌م، هه‌ولێر،٢٠٠٤، ل٢٦٧.
١٧- دارا خدرحه‌سه‌ن، قادر ئه‌شکه‌نه‌یى، گۆڤارى سه‌نته‌رى برایه‌تى، پشده‌ر له‌نێوان سالاَنى(١٩١٨-١٩٣٨)، ژماره‌(٢٦)، ساڵى ٢٠٠٢.
١٨- مارتین فان برۆنه‌نسن، ئاغا وشێخ و ده‌وله‌ت، له‌ئه‌ڵمانیه‌وه‌ کوردۆ، به‌رگى یه‌که‌م، چاپى چواره‌م، سلێمانى،٢٠٠٣،ل٢٥٧.
١٩- د.عبدالله‌ عه‌لیاوه‌یى، م.نازناز محمد قادر، زانکۆ،گۆڤارێکى زانستى مرۆڤایه‌تى زانکۆى سه‌لاحه‌ددینه‌/هه‌ولێر، ژماره‌(١٧)، ئه‌یلولى ٢٠٠٢،ل٧.
٢٠- گۆڤارى رۆشنبیرى نوىَ، ئازاد عبدوالواعید، هه‌مان سه‌رچاوه‌ى پێشوو، ل٦٨.
٢١- ویلیام ایغلتون، القبائل الکوردیه‌، تالیف ترجمه‌، د.احمد محمود خلیل/الگبعه‌ الاولى، اربیل،٢٠٠٦، ص١٠٠.
*له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رچاوانه‌ى که‌ ناویان هاتووه‌ له‌چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کى تریش دا ناوى پشده‌ر هاتووه‌،شیکردنه‌وه‌شى بۆ کراوه‌ ئه‌مانه‌ش وه‌ک(حه‌مید گه‌ردى، د.فوئاد حمه‌ خورشید، محمد فیدا، عبدالکریم محمد سه‌عید،چه‌ندانى تر.......)..
تىَ بى نى : ئه‌م بابه‌ته‌ دوجار بلآوبۆته‌وه‌، سه‌ره‌تا له‌ گۆڤارى مێرگ ژماره‌(٤٣)ساڵى چواره‌م، ٢٠٠٨، ل٢٤-٢٧، دواتر له‌ گۆڤارى پشده‌ر، ژماره‌(٧)زستانى (٢٠٠٩)ساڵى دووه‌م، ل١١-١٢.



مۆفه‌ق میراوده‌لى 
ئەم پۆستە ئەلیکترۆنیە لەلایەن ئامێرئ سپامەوەیە. جاڤاسکریپت دەبێت چلاک بکەی بۆ بینینی, you need JavaScript enabled to view it

(( په‌ڕه‌ی شار ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه