ڕۆناڵدۆ ده‌توانێت ڕیاڵ مه‌درید تووشى شڵه‌ژانێكى گه‌وره‌ بكات؟

ئه‌حمه‌د سه‌نگاوى:

یارییه‌كه‌ى ڕیاڵ مه‌درید گرنگ نه‌بوو، به‌ڵكو غه‌مبارییه‌كه‌ى ڕۆناڵدۆ جێگه‌ى باس و خواسێكى گه‌رمه‌ ... لێدوانێكى ته‌موومژاوى (كریستیانۆ) توانى یانه‌ى شاهانه‌ تووشى شڵه‌ژانێكى گه‌وره‌و مه‌ترسیدار بكات. ئه‌وه‌ى گرنگه‌ یه‌كه‌مین سه‌ركه‌وتنى (ڕیاڵ مه‌درید) نییه‌. ئه‌وه‌ى گرنگه‌، تۆماركردنى "سێ گۆڵ"نییه‌ له‌دژى (غه‌رناته‌)، ئه‌وه‌ى گرنگه‌ به‌ده‌ستهێنانى سێ خاڵ و ناسناوى سۆپه‌رى ئیسپانى نییه‌، ئه‌وه‌ى گرنگه‌ گوزارشتن نه‌كردنى (ڕۆناڵدۆ)یه‌ له‌ ئاهه‌نگگێڕانى پاش تۆمار كردنى دوو گۆڵ، ئه‌وه‌ى گرنگه‌، ڕۆناڵدۆ چى وت و چى ده‌وێت و بۆ واده‌كات؟

ئه‌م پرسیاره‌ بووه‌ به‌سه‌ردێڕى هه‌واڵ و مانشێتى بڵاوكراوه‌ وه‌رزشییه‌كان. هه‌م له‌ ئیسپانیا و هه‌م له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئیسپانیا. پرسیارى جدى و ناڕۆشن و ته‌ژى له‌ لێڵى ئه‌و چه‌ند وشه‌ كه‌مه‌یه‌، كه‌ له‌زارى "كریس"ه‌وه‌ هاتنه‌ده‌ر. پاش هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ى به‌ هۆى دووچاربوونى به‌ پێكران. پاش ئه‌م لێدوانه‌ لێوانلێو له‌ مه‌ترسییه‌ى (ڕۆناڵدۆ) له‌هه‌مبه‌ر به‌رپرسانى یانه‌ مه‌دریدییه‌كه‌، دۆخێكى هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌ كه‌ هه‌ر یاریزان و به‌رپرس و ڕۆژنامه‌ڤان له‌لاى خۆیه‌وه‌ چه‌ندین لێكدانه‌وه‌ى جۆراو جۆرو لێك دوور و لێك دژ بۆ ئه‌م گوتانه‌ى شا قاره‌مانه‌كه‌ى كۆشكى سپى بكرێت. ئه‌وه‌یشى وایكردووه‌ هێنده‌ به‌گرنگى و به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌م لێدوانه‌ى كریستیانۆ بڕوانرێت. گرێدراوى ئه‌و سه‌نگ و قورساییه‌ گه‌وره‌یه‌یه‌ كه‌ ڕۆناڵدۆ دروستیكردووه‌ له‌ یانه‌كه‌دا وه‌ك فه‌رمانده‌ى تیپ و فریاد ڕه‌س و كاریزما یانه‌كه‌. به‌لاى منه‌وه‌ پرسیارى هه‌ره‌ جه‌وهه‌رى ئه‌وه‌نییه‌ ڕۆناڵدۆ چى وت؟ پرسیارى هه‌ره‌ بنچینه‌یى ئه‌وه‌نییه‌ بۆ ڕۆناڵدۆ نیگه‌رانه‌ و وه‌هایى گوت؟ نا پرسیارى گرنگ ئه‌وه‌یه‌ بۆچى ئه‌م لێدوانه‌ى یانه‌ى شاهانه‌ى به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ تووشى شڵه‌ ژان كردووه‌؟ بۆچى به‌رپرسانى یانه‌ و ڕاهێنه‌رى یانه‌ و یاریزانانى یانه‌ "به‌رگ چه‌رموووه‌كه‌"به‌و ڕاده‌یه‌ تووشى ترس و دوو دڵى بوون؟ به‌تایبه‌ت یانه‌یه‌كى ده‌وڵه‌مه‌ند و گه‌وره‌ و خاوه‌ن مێژوو بتۆقێت له‌م لێدوانه‌؟! بۆده‌بێت یانه‌یه‌ك ته‌ژى له‌ ئه‌ستێره‌ى به‌ناوبانگ لێدوانێكى چه‌ند ده‌قیقه‌یى چۆكى بهێنێته‌ له‌رزین؟

ئه‌وه‌ى واده‌كات (ڕیاڵ مه‌درید) له‌ بچووكترین ئاگه‌داركردنه‌وه‌ى ڕۆناڵدۆ بتۆقێت، ئه‌و پشتكردنه‌یه‌ له‌یارى به‌كۆمه‌ڵ ئه‌و هه‌موو بایه‌خه‌یه‌ به‌ تواناكانى (ڕۆناڵدۆ). ئاخر به‌چى پێودانگێك و به‌چى پێوه‌رێك یانه‌یه‌كى وه‌ها گه‌وره‌ هه‌موو هیواو ئومێدی له‌سه‌ر تواناى تاقانه‌ ئه‌ستێره‌یه‌ك هه‌ڵده‌چنێت!. ڕۆناڵدۆ له‌و كاته‌وه‌ى به‌رگى سپى (ڕیاڵ مه‌درید)ى پۆشیوه‌، تاهه‌نووكه‌ توانیویه‌تى 151 گۆڵ تۆماربكات. كه‌ ڕیژه‌یه‌كى ئێجگار به‌رزه‌ بۆ یاریزانێك كه‌ له‌ قوڵایى هێڵى پێشه‌وه‌دا یارى ناكات. گه‌رچى یه‌ك له‌ سۆپه‌رمانه‌كانى تۆپى پێیه‌، وه‌لێ ناكرێت یانه‌ گه‌وره‌كان هه‌موو هیواو و هه‌موو بڕواى خۆیان ببه‌خشن به‌تاقانه‌ ئه‌ستێره‌یه‌ك. گرنگى نه‌دان به‌ ئه‌م یان ئه‌و ئه‌ ئه‌سێره‌ و لاكردنه‌وه‌ له‌ تاقه‌ ئه‌ستێره‌یه‌ك، له‌نێو كۆى ئه‌ستێره‌كان ئاكامى وه‌ها مه‌ترسیدارى لێده‌كه‌وێته‌وه‌. پرسیارێك لێره‌دا كه‌ خۆى زه‌ق ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، گه‌ربێت و به‌رپرسانى یانه‌كه‌ به‌زوویى ئه‌م قه‌یرانه‌ چاره‌سه‌رنه‌كه‌ن یانه‌كه‌ له‌ناوه‌وه‌دا تووشى چ داڕمان و داخورانى گه‌وره‌ ده‌بێت، به‌دوورى نازانم فیتنه‌ییه‌كى ناوخۆیى له‌ ژوورى خۆ گۆڕین و له‌كاتى مه‌شق و ڕاهێنانى یاریزانێت بێته‌ ئاراوه‌، ؟ هه‌ر گومانم نییه‌، میدیاكان به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك ئاریشه‌ى ماڵى یانه‌ مه‌دریدییه‌كه‌ گه‌وره‌ده‌كه‌ن كه‌ له‌ حه‌جم و قه‌باره‌ى خۆى گه‌وره‌ترى ده‌كه‌ن و ڕه‌نگه‌ ئه‌وكات چاره‌سه‌ركردن ببێته‌ كارێكى ئه‌سته‌م. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا فلۆرێنتینۆپێرێز به‌فریاى چاره‌سه‌ركردنى ئه‌م كێشه‌یه‌ نه‌كه‌وێت. له‌ كورتترین ماوه‌دا شه‌كم نییه‌ ئه‌م دۆخه‌ى لێدوانى ڕۆناڵدۆ به‌دواى خۆیدا هێناوییه‌تى ئاسه‌وارى ترسناك له‌سه‌ر لایه‌نى مه‌عنه‌وى و لایه‌نى ده‌روونى یاریزانانى یانه‌كه‌ چێ ده‌كات به‌تایبه‌تى له‌ لالیگا و چامپیۆنزلیگ. ئاخر كريس چۆن بێهيوانه‌بێت كه‌ له‌ خولێكى هێنده‌ سه‌خت ده‌جه‌نگێت ناتوانێت به‌ تۆماركردنى 46 گۆڵ ببێت به‌ گۆڵكارى لاليگه‌! چۆن توشى تاقت پڕوكاندن نايه‌ت هه‌موو هه‌وڵه‌كانى بووه‌ به‌ قوربانى ململانێى نێوان (بارسيلۆنا و ڕياڵ مه‌دريد). گه‌ربهاتبايه‌و ئه‌م ئه‌ستێره‌ كه‌م وێنه‌يه‌يى "دوورگه‌ى مادێرا" له‌هه‌ر يانه‌يه‌كى ديكه‌ى گه‌وره‌تر بوايه‌ بۆ وێنا مان يونايتد ڕه‌نگه‌ ئاسانتر بيتوانيبا بجه‌نگێت بۆ به‌ده‌ستهێنانى ناسناوه‌ تاكه‌ كه‌سييه‌كان.

 

 

به‌رپرسی په‌ڕه‌ی وه‌رزش

فه‌ره‌یدون ئه‌حمه‌د
په‌یوه‌ندی :  fereydun.sport@qaladze.info
fereydunahmed@yahoo.com

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه